ئا: شەنگە دارا
بە لەبەرچاو گرتنی ژمارەی دانیشتوان، هەولێر زۆرترین ڕێژەی شێرپەنجەی تیادا تۆمار کراوە، رێژەی ژنانی تووشبووی شێرپەنجە لەپیاوان زیاترە، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەش، شێرپەنجەی مەمکە،
بەپێی ئاماری ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٤٣ هەزارو ٦٢ توشبووی شێرپەنجە لەعێراقو هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، زۆرترین توشبووی شێرپەنجەش بە لەبەرچاو گرتنی ژمارەی دانیشتوان لەهەولێر تۆمار کراوە، کە لەهەر ١٠٠ هەزار کەس ١٤٣.٨ کەس توشی شێرپەنجە بوون، رێژەی ژنانی تووشبوو بەشێرپەنجە بەراورد بەپیاو زیاترە، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەش، شێرپەنجەی مەمکە.
"لەدوای بەغدا، ژینگەی هەولێر پیسترینە"
هۆکارەکانی تووشبوون بەشێرپەنجە زۆرن، بەڵام یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی پیسی ژینگەیە، شارەزای بواری ژینگە "مەعروف مەجید" ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەکیترین هۆکاری تووشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە لەدوای بۆماوەییەوە، پیسبوونی ژینگەیە، ئەو بەئاوینەی وت "لەماوەی ڕابردوودا ئاماژە بە ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی درا تەنیا لەپارێزگای هەولێر، کە ئەم پاڵاوگانە هۆکاری سەرەکی بوون لەپیسبوونی کەشوهەواو ژینگەی هەولێر،ئێستا لەدوای بەغدا هەولێر بەدووەم پیسترین شار دادەنرێت لەڕووی پیسی ژینگەیەوە لەئاستی عێراقداو لەسەر ئاستی هەرێمیش یەکەمە".
وتیشی "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەرێمی کوردستان لەگەشەکردنێکی خێرادا بووە، ڕێژەیەکی زۆری کارگە دامەزراون بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکانی پاراستنی ژینگەو رێنماییەکانی تەندروستی کاریگەری نەخوازراویان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەبووە".
مەعروف ئاماژە بەوە دەکات بەمەبەستی کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەی هەولێری پایتەخت، پێشنیار دەکات ڕێژەی سەوزایی زیادبکرێت، ئەو وتی "رێژەی بەکارهێنانی ئوتومبێل ئەوەندە زۆر بووە کە حکومەت پێویستە کار بۆ کەمتر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بکاتو گرنگی بەئامڕازەکانی گواستنەوەو هاتوچۆی گشتی بدات،ڕێژەی موەلیدەکان کەم بکاتەوەو سوود لەوزەی نوێ وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، حکومەت دەتوانێت باج بخاتە سەر ماددە پلاستیکیەکان، گرنگی بەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدرێت، بۆ ئەوەی خۆیان لەتووشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە بپارێزن".
بەدوو جۆر پشکنین شێرپەنجە دیاریدەکرێت
دکتۆر عوسمان نادر پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە ئاماژە بەوە دەکات کە پشکنینن بۆ دیاریکردنی نەخۆشی شێرپەنجە، دوو جۆرە یەکەم پشکنینی دەوری بۆ نمونە بۆ پیاوانی تەمەن سەروو ٥٠ ساڵ بۆ پرۆستات ساڵانە، بۆ ژنان بۆ مەمک پشکنینی پێشوەخت سەروو ٢٥ ساڵ، پشکنینی خود واتە خۆی بەدەستلێدان، بۆ سەروو ٤٥ ساڵ پشکنینی مامۆگرافی ساڵانه. دووەمیان، لەڕێی سەردانی پزیشک بەپێی حاڵەتەکە پشکنین بۆ شێرپەنجە بکرێت، بۆ نمونە بۆ قۆڵۆنو گەدە نازوڕ بکرێت، یان پشکنینی مۆخی ئێسک بۆ شێرپەنجەی خوێن کە ئەمانە پزیشک بڕیار دەدات، ئەو بەئاوێنەی وت "بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لەناو ژناندا، شێرپەنجەی مەمكە".
سەبارەت بەهەنگاوەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەش، ئەو وتی "چارەسەر دوای دیاریکردنی نەخۆشی، نەخۆش ڕەوانە دەکرێت بۆ نەخۆشخانەو لەلایەن پزیشکی پسپۆر هەنگاوەکانی چارەسەر دەستپێدەکات بەنەشتەرگەری،پاشان پێدانی چارەسەری کیمیاوی، پاشان چارەسەر بەتیشک، ئەم هەنگاوانەش بەپێی جۆری شێرپەنجەکە دەگۆڕێت".
وتیشی "هۆکاری سەد لەسەد دیارینەکراوە بۆ توشبوون بەشێرپەنجە، بەڵام هۆکاری یارمەتیدەر هەیە بۆ نمونە جگەرە کێشان، پیسبوونی ژینگە، مەیخواردنەوە، بەکارهێنانی پاکژکەرەوەکان، خواردنی خۆراکی لەقوتوونراو، خواردنەوە گازییەکانو چەندین هۆکاری تر، دەکرێت خۆپارێزی بکرێت لەم هۆکارانە لەڕێگەی رێکخستنی خواردنو وەرزشەوە".
"دەرمانی کیمیایی زۆر گرانە"
چەند نەخۆشخانەیەکی حکومیو تایبەت لەشاری هەولێر هەن کە تایبەتن بەچارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە، گرنگترینیان نەخۆشخانەی نانەکەلیو بەشێک لەنەخۆشخانەی ڕزگاریو سەنتەری تیشکی ئاواتو سەنتەری شێرپەنجەی مەمکە، هەدیل حازم کارمەندی بەشی گیراوەی کیمیایی لەنەخۆشخانەی نانەکەلی بەئاوێنەی وت "نەخۆش زۆر لەسەرەدا دەمێننەوە، بەهۆی ئەوەی نەخۆش لەنەخۆشخانەکەمان زۆر زۆرەو هەتا سەرەیان دێت کاتی ئەوێت، زۆرجاریش کە چارەسەر نامێنێ نەخۆش وا دەزانێت ئێمە بەئەنقەست چارەسەریان پێنادەینو دوعای خراپمان لێدەکەن".
وتیشی "خەڵکی خێرخوازو ڕێکخراوی خێرخواز زۆر هاوکارە لەدابینکردنی پارە بۆ نەخۆشەکان، چونکە نرخی دەرمانی کیمیایی زۆر گرانە".
"بۆ پشکنینێک ٥٠٠ هەزار دینارم داوە’’
فاتیمە، ژنێکی توشبووی شێرپەنجەی مەمکەو باس لەوە دەکات کە مانگی جارێک دەچێت بۆ چارەسەروەرگرتن لەنەخۆشخانە، ئەو وتی "پێشتر کاتمان بۆ دیاریکراوە کەی بچم بۆ چارەسەر وەرگرتن، بەڵام نەخۆشەکان ژمارەیان زۆرەو دەبێ سەرە بگرین تا سەرەمان دێت، کارمەندو دکتۆرەکان مامەڵەیان زۆر گونجاوەو زۆر هاوکارن".
وتیشی "هەندێک جاریش پشکنینێک نەبووە یان چارەسەر نەماوە لەنەخۆشخانە، ناچار چومەتە نەخۆشخانەی تایبەت، بەڵام نرخیان زۆر گرانە، جارێکیان بۆ یەک پشکنین ٥٠٠ هەزار دینارم داوە، ئەمە جگە لەوەی هەندێک جار دەرمان نامێنێت لەنەخۆشخانەو نەخۆش ناچارە خۆی لەدەرەوە بەنرخێکی گران بیکڕێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.