ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پەیامێكی ئاراستەی گرووپە چەكدارەكانی سووریا كرد و ڕایگەیاند، لة ئەگەری ئەوەی هەوڵی نزیكبوونەوە لە سنووری عێراق بدەن، ئەوا دەكوژرێن.
ئاوێنە: وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پاراستنی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ سووریا و ئەگەری نزیك بوونەوەی گرووپە چەكدارەكان لە سنوورەكان و كاردانەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.
وەعد قەدۆ ڕایگەیاند، هەر گرووپێكی چەكدار لە سووریاوە هەوڵی نزیكبوونەوە لە سنووری عێراق بدات دەكوژرێت، ئێمە تەحەمولی ئەو گرووپە چەكدارانە ناكەین، كە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق هەموو ڕێكارێكی سەربازی و ئەمنی گرتووەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی لەناكاو كە ڕەنگە لەسەر سنوور ڕووبدات، بۆیە دەبێت ئەو گرووپانە وریا بن و لە عێراق نزیك نەبنەوە.
پێشتر تەحسین خەفاجی وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان سەركەوتنی عێراقی لە پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا پشتڕاستكردەوە، لە ڕێگەی گرتنەبەری زنجیرەیەك ڕێوشوێنی ئەمنی بەهێز، لەوانەش دامەزراندنی هێڵی بەرگری و بەهێزكردنی هێزەكانی پاسەوانی سنوور بە چەك و ئامێری مۆدێرن.