ئا: ئاوێنە
ئەم شەڕو نەهامەتیو کارەساتانەی ماوەی ١٤ ساڵە لەسوریا روودەدات، بەیەک دێڕ: "دەرەنجامی نەبوونی دیموکراسی‌و دەستاودەست نەکردنی دەسەڵاتو تەوریسی سیاسییە"، کە ٥٥ ساڵە ئەو وڵاتە لەلایەن باوک‌و کوڕێکەوە بەمشتێکی پۆڵایین بەڕێوەدەبرێت.
ساڵی ٢٠٠٠، کە حافز ئەسەدی سەرۆکی سوریا، پاش سی ساڵ حوکمڕانیی، شانۆی سیاسی بەجێهێشت، پرسیاری سەرەکی ناوەندە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و رۆژئاوا ئەوە بوو: کێ جێی دەگرێتەوە؟
حیزبی بهعسو ده‌وڵه‌تی سوریا کە به‌رده‌وام شانازییان بوە دەکرد له‌ڕیزی هه‌ره پێشه‌وه‌ی حیزب‌و ده‌وڵه‌ته پێشکەوتووەکانی عه‌ره‌بدان، له‌دوای مه‌رگی حافز ئه‌سه‌د، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له‌به‌رده‌م به‌شاری كوڕییدا ته‌خت بێت پۆستی سه‌رۆك وه‌رگرێت، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته به‌په‌له بۆ هه‌موار كردنی "ده‌ستور" كۆبوونه‌وه‌و مەرجی ته‌مه‌نی سه‌رۆكیان لە٤٠ ساڵییه‌وه کرد بە٣٤ ساڵ!
به‌شار كه له‌ساڵی ٢٠٠٠داو پاش مردنی باوكی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، لە١١ی ئه‌یلولی ساڵی ١٩٦٥ له‌شاری دیمه‌شق له‌دایكبووه‌و خوێندنی سهرهتاییو ناوهندیو ئامادهییو دواتریش كۆلێژی پزیشكیی هه‌ر له‌وێ ته‌واوكردووه. ساڵی ١٩٨٨ بووه به‌پزیشك‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ی تشرین كاری كردووه، له‌پاش ئه‌مه‌ش چووەتە به‌ریتانیا تا پسپۆڕی لهپزیشكیی چاودا وه‌رگرێت.
ساڵی ١٩٩٤، ئه‌وده‌مه‌ی كه (باسل)ی برای له‌ڕووداوی ئۆتۆمبێلدا گیانی له‌ده‌ست دا، گه‌ڕایه‌وه بۆ سوریا‌و چووه ڕێزی هێزه چهكدارهكانەوەو ده‌رچووی سلكی سه‌ربازییه‌و له‌ساڵی ٢٠٠٠دا پله‌ی فه‌ریقی پێدراوه‌و كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان.
بەشار کە زمانەکانی عهرهبیو ئینگلیزی‌و فه‌ره‌نسی به‌باشی ده‌زانێ، لەساتەوەختی دەستبەکاربوونیەوە هەمان رێچکەی حافز ئەسەدی باوکی گرتەبەرو کۆی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی لەدەستی بنەماڵەو تائیفەی عەلەوییدا چڕ کردەوە، ئەوان هەرچەندە کەمینەیەکی بچوکیشن لەسوریا، بەڵام بەدرێژایی ٥٠ ساڵی رابردوو توانیویانە دەستبگرن بەسەر کۆی پلەو پایە سەرەکیەکانی سوپا‌و موخابەراتو جومگە سەرەکیەکانی ئابوری‌و سیاسەتدا. ئەمە جگە لەوەی دەزگا ئەمنییە تۆقێنەرەکانی رژێمی بەعس هەموو دەنگێکی ناڕەزاییان لەو وڵاتەدا خەفە کردووە.
چەند ڕوداوێک لەچەند قۆناغێکی جیاوازدا کاریگەری گەورەیان لەسەر بەشار ئەسەد هەبووە، گرنگترینیان: تیرۆركردنی ڕه‌فیق حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری لوبنان بوو، کە رژێمی ئەسەد بەئەنجامدەری ئەو تیرۆرە تاوانبار کراو سەرەنجام بەهۆی فشاری ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی، سوریا ناچار کرا سوپاکەی لەلوبنان بکشێتەوەو هاوکات سوریا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه فشارێکی زۆری بۆ هێنراو به‌پێشێلكاری مافی مرۆڤ‌و سه‌ركوتكردنی مافه دیموكراسی‌و ئازادییه‌كان تاوانبار کرا.
دووەمیان، سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی بوو، کە سوریاشی گرتەوە. خەڵکی سوریا، لەدەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئەسەدو بەعس پڕ بوون، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌دو زاوا‌و ده‌ستوپێوه‌نده هه‌ره نزیكه ئهمنیو مخابهراتییهكانیان، به‌تاڵانبردنی داهاتی گشتی‌و دادۆشینی هه‌موو خێر‌و خۆشییه‌كانی ئه‌و وڵاته تاوانبار کرد. ناڕەزایی خەڵکی سوریا، سەرەتا بەرامبەر بەرژێمی ئەسەد، لەسەرتاسەری وڵات‌دا بەشێوەی ئاشتیانە بوو، بەلام وەڵامی رژێمی ئەسەد تەقە كردن‌و کوشتن‌و گرتن‌و ئەشكەنجەدان بوو، هەربۆیە چەندین هۆکاری جیاواز ئەم ناڕەزاییانەیان بەرەو توندوتیژیی ئاڕاستە کرد‌و لەساڵی ٢٠١١دا جەنگی ناوخۆ دەستیپێکردو تا ئێستاش بەردەوامە.
هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ، سوریای کرد بەگۆڕەپانی ململانێی هێزە دەرەکییەکانی ناوچەکەو جیهانیش، تورکیا پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری بەشار ئەسەدی کرد‌و کۆماری ئیسلامی ئێران‌و روسیاش پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان کرد. هێزەکانی ئەمەریکاش پشتیوانی‌یان لەهەپەگەو هەسەدە کرد.
لەسەرەتای جەنگی ناوخۆدا، هێزەکانی دژ بەئەسەد تەنگیان بەهێزەکانی ئەسەد هەڵچنی، بەڵام بەشداری چەکدارانی حزبوڵای لوبنان‌و پاسدارانی ئێران وەک هێزی سەربازیی پیادەو روسیاش لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە رێگەیان لە کەوتنی بەشەر ئەسەد گرت.
رووداوێکی دیکە کە خزمەتی بەمانەوەی بەشار ئەسەد کرد، سەرهەڵدانی داعش بوو لەساڵی ٢٠١٣دا، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاری بۆوەو ئەمەش دەرفەتی مانەوەی بەشار ئەسەدی زیاتر کرد.
پێشهاتێکی دیکە، کۆبوونەوەی ئاستانە بوو لەساڵی ٢٠١٧دا، کە وڵاتانی تورکیا‌و روسیا‌و ئێران لەسەر ڕێزگرتن لەیەکپارچەیی خاکی سوریا‌و سەروەری حکومەتی سوریا لەخاکەکەیداو کۆکردنەوەی گروپە چەکدارە ناڕازییەکانی دژ بەئەسەد لەشاری ئیدلیب‌و جۆرێک لەئاگربەست، رێککەوتن.
بەڵام رووداوێک کە بەخاڵی وەرچەرخان دادەنرێت‌و لەبەرژەوەندی ئەسەد نەبوو، هێرشی ٧ی ئەکتۆبەری ٢٠٢٣ بوو، کاتێک چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل‌و سەدان کەسیان کوشت‌و دەیان کەسیان بەبارمتە گرت، ئیسرائیل لەتۆڵەی ئەوەدا لەقۆناغی یەکەمدا غەزەی وێران کرد‌و حەماسی تێکشکاند. لەقۆناغی دووەمیشدا پەڕو باڵی حزبوڵای لوبنانی کرد‌و زۆربەی سەرکردە کاریگەرو کاریزاماکانی یەک بەدوای یەکدا کوشت.
ئەمە گەورەترین کارەسات بوو بۆ رژێمی ئەسەد، ئێستا نەقاسمی سلێمانی‌و نەحەسەن نەسروڵاو نەئەبو مەهدی موهەندیس ماون وەک ساڵانی پێشوو شەڕی بۆ بکەنو بیپارێزن، نەروسیاش بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە ئەپەرژێتە سەر پاراستنی ئەسەد وەک جاران، نەئەسەدیش خۆی توانای ئەوەی هەیە بەرەنگاریی گروپە چەکدارە ناڕازییەکان بێتەوە. هەموو ئاماژەکان روەو ئەو ئاڕاستەیەن کە ئەسەد دواهەمین رۆژەکانی لەدەسەڵاتدا بەسەردەبات.
بەکەوتنی سوریای ئەسەد، پاش تێكشکاندنی حەماس‌و حزبوڵای لوبنان، پڕۆژەی مقاوەمەو هیلالی شیعی، کە ئێران سەرکردایەتی دەکرد، بەجارێ هەرەس دەهێنێت.
بەشار ئەسەد، کە وەک شەڕەنگێزترین دیکتاتۆری ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بۆ دەکرێت، لەپێناو مانەوەی خۆیدا ماوەی ١٣ ساڵە ئاگرو بەرمیلە باروت بەسەر خەڵکی بێتاواندا دەبارێنێتو بووەتە مایەی کوشتاری هەزاران هەزار مرۆڤی بێ تاوان‌و ماڵوێرانی‌و دەربەدەری ملیۆنەها کەس، تەنانەت داعش‌و هەموو گروپە توندڕەوە تەکفیرییەکانیش زادەی دەسەڵاتی شەڕەنگێزو دیکتاتۆریەتی حیزبی بەعسو بنەماڵەی ئەسەد بوون.
ئایا ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گەلی سوریا بەبێ ئەم دیکتاتۆرە شەڕەنگێزە پشووییەک بدات؟