ئا: عەمار عەزیز
سەڕەرای دەرچوونی کۆمەڵێک بڕیار لەئەنجۆمەنی وەزیرانو ئیدارەی پارێزگای دهۆک، بەڵام تا ئێستا بەشێک لەپاڵاوگە نایاساییەکانی ناوچەی کواشێ لەسێمێل کار دەکەن، ھاوڵاتیانیش بێ ئومێد بوون لەداخستنیان .
ساڵح رەمەزان، لە ٢٠١٤وە موختاری کۆمەڵگای باستکێ-یە، کە تەنیا ٤ کێلومەتر دوورە لەناوچەی کواشێی سەر بەقەزای سمێل کە هێڵی تەماسی نێوان هەرێمو دەوڵەتی ناوەندی عێراقە، بەقسەی ئەو بەھۆی بۆنی ناخۆشی پاڵاوگەکانو پیسبونی ژینگە زیاتر لە ٥٠ خێزان ماڵی خۆیان بار کردوەو بەشێکی تر خانووەکانیان بۆ فرۆشتن دانناوە، ئەو بەئاوێنەی وت "کەس بەحاڵمان نەبێ، بەھاوێنان بەھۆی بۆنی ناخۆشی پاڵاوگەکان ناتوانین موبەریدەو پانکە هەڵکەین، لەزستانیش دەبێت بەردەوام دەرگاو پەنجەرە دابخەین، بۆنێکی ئەوەندە ناخۆش بڵاودەبێتەوە، بەتایبەت ئێوارانو شەوان وەسف ناکرێت، وەک ژەھر وایە".
وتیشی " دەیانجار بڕیار دەرچووە بۆ داخستنی ھەموو پاڵاوگەکان، بەڵام بێسوود بووە، جارێک سەردانی قایمقامیەتی قەزای سێمێلم کرد بۆ قسەکردن لەسەر کێشەکە قایمقام وتی: ئەوانەی ماونو بەردەوامن لەئیشکردن، دەسەڵاتیان لەئێمە گەورەترە. کەواتە داناخرێن لەبەرپرسان بێ ھیوا بووینو دەزانین داناخرێن".
موختاری باستکی، باس لەسەرەتای کردنەوەی ئەو پاڵاوگانە دەکات کە چەند مەرجێکیان بۆ دانابوون، بەڵام ھیچیان جێبەجێ نەکردوە، ئەو وتی "باش لەبیرمە حکومەت بەخاوەن پاڵاوگەکانی وتبوو دەبێت ھەر یەک لەئێوە ٢ ھەزار دار بچێنن، لەگەڵ کۆمەڵێک مەرجی تر، بەڵام ھیچیان نەکردوە، ھاوکاری خەڵکیش نەکراوە، تەنیا زیانیان بەرکەوتووە".
ساڵح رەمەزان گۆمانی ھەیە لەوەی بەھۆی پسبوونی ژینگەوە نەخۆش کەوتووەو جارێک نەشتەرگەی بۆ سێیەکانی کردووە، ئەو وتی "بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی کۆمەڵگای باستکی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان ھەیە، ئەوەش ھەمووی بەهۆی پیسبوونی ژینگەو بۆنی ناخۆشی پاڵاوگەکانەوەیە، جگە لەمەش دەیان جۆر نەخۆشی تر لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە، ئەوەی لەتوانادا بێت خانووەکەی خۆی بەنیوەی نرخ دەفرۆشێتو باردەکات، زیاتر لە ٥٠ خێزان ماڵی خۆیان بارکردوەو بەشێکی تر خانووەکانیان داناوە بۆ فرۆشتن".
لەساڵی ٢٠١٠وە نزیکەی ٥٠٠ واژۆ لەلایەن خەڵکی قەزاکە کۆکراوەتەوەو ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمو دەسەڵاتدارانی عێراق کراوە، بەمەبەستی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، بەڵام ھەر سوودی نەبووەو بەشێک لەخەڵکی تا ئێستاش بەردەوام ئیش بۆ داخستنیان دەکەن .
بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی کۆمەڵگای باستکی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان ھەیە
ئیدریس ئاسیھی، چالاکوانێکی دیاری قەزای سێمێلە، ئەو بەئاوێنەی وت "ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ٥٠٠ ئیمزامان کۆکردەوەو دواتر رادەستی پارێزگاری دھۆکمان کرد، بۆ ئەوەی پاڵاوگەکان دابخرێن، لەڕێگای سوشیاڵ میدیاو دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش بەردەوام داوادەکەین دابخرێن، بەڵام ھیچ سوودێکی نییە، سەیر ئەوەیە لەڕوژانی قەدەغەی ھاتۆچۆشدا، پێش چەند رۆژێک بەھۆی سەرژمێری دانیشتووانەوە هەموو شتێک لەکارکەوت، ئەو پاڵاوگانە ھەر کاریان دەکرد".
وتیشی "بەردەوام ھاوار دەکەین تکایە بەھانای خەڵکەوە وەرن، ژینگە بەتەواوی تێکچووە، زیانی زۆر بەر خاکو ئاووھەواو مرۆڤ گەیشتووە، بەڵام ھیچ ناکرێت، ئەوان ھەر ئیش دەکەن بەبێ ئەوەی بزانن ئەم خەڵکە خەریکە بەھۆی بۆنی پاڵاوگەکان دەخنکێت".
لەھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لەپاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی ھەن، ئەو پاڵاوگانە جگە لەمەترسیداریی بەرھەمەکانیان، خۆشیان بوونەتە ھۆی پیسبوونی ژینگە، سەرباری ئەوەی چەندین جار بڕیار بۆ داخستنیان دراوە، بەڵام ھێشتا بەشێکیان لەناوچە جیاوازەکان ھەر لەکاردان .
نزیکەی ٤٥ پاڵاوگە ھەبوون کە شەوو رۆژ کاریاندەکرد، بەڵام بەھۆی تێکدانی ژینگەو ناڕەزایی خەڵک، ئیدارەی دھۆک لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١دا بڕیاریدا بە داخستنی ھەموو پاڵاوگەکان، بەڵام ئێستا ١٠ بۆ ١٢ پاڵاوگەیان هەر کاردەکەن .
خەلیل مەحمود، قایمقامی سێمێل سەبارەت بەم کێشەیە، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "پێشتر ٤٥ پاڵاوگە لەناوچەی کواشێی سەر بەقەزای سێمێل بە بەردەوامی کاریان دەکرد، بەڵام دوای بڕیارەکەی ئیدارەی پارێزگای دھۆک، کە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ دەرچووە زۆرینەیان داخران، ئێستا تەنیا ١٠بۆ ١٢ پاڵاوگەیان ئیش دەکەن، ئەویش لەژێر چاودێری چەند لیژنەیەکی تایبەتمەندا، کە کۆمەڵێک مەرجی تایبەت بەسەریاندا سەپێنراوە دەبێت جێبەجێ بکرێن، بۆ ھەر فەرمانێکی تازەش چاوەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین".
لەبارەی داخستنی ھەموو پاڵاوگەکانو دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نوێ، قایمقامی سێمێل وتی "ھیچ پڕۆژەیەکی تایبەت بەدروستکردنی پاڵاوگەیەکی تازە لەقایمقامیەتی سێمێلەوە پێشکەش بەحکومەت نەکراوە، ئەمە زیاتر پەیوەستە بە بەرێوەبرایەتی گشتی وەبەرھێنانو وەزارەتەکانی تایبەتمەند بەبابەتەکە، ئەوەندەی ئاگادارم پێش ماوەیەک پڕۆژەیەک ھەبوو بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی مۆدێرنو پارچە زەویەک بۆ ئەم مەبەستە دابین کرابوو، بەڵام بۆ دەستپێنەکراوەو کەی دەکرێت؟! نازانین".
وتیشی "ئێمە چەند لیژنەیەکمان ھەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر جێبەجێکردنی مەرجو رێنماییەکان، بەدڵنیایی ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکەن، ئەوا رێکاری یاسایی دەگرینە بەر".
پێشتر ٤٥ پاڵاوگە لەناوچەی کواشێی سەر بەقەزای سێمێل بە بەردەوامی کاریان دەکرد
چەند جارێک رێکخراوەکانی دۆستی ژینگە داوای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانو پابەندبوونی پاڵاوگەکانیان کردوە بەڕێنماییە ژینگەییەکانەوە، بەڵام بەکردار ھیچ نەکراوەو پاڵاوگەکان ھەر ئیش دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی توێژینەوە زانستیەکان پیسبونی ژینگەو ئاووھەوا ھۆکارێکی سەرەکیی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەن.
دڵشاد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ژینگە لەپارێزگای دھۆک، ئاماژە بەوە دەکات چەند ساڵێکە لەدادگاو شوێنەکانی تر ھەموو رێکارە یاساییەکانو کاری پێویست بۆ داخستنی پاڵاوگەکان ئەنجامداوە، پێشتر زۆر پاڵاوگە لەناوچەی کواشێ کاریاندەکرد ئێستا ژمارەیان کەمبووەتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "چارەسەری یەکەمو کۆتایی ئەو پاڵاوگانە ئەوەیە کە ھەموویان بەیەکجاری دابخرێنو لەجیاتی ئەوانە پاڵاوگەیەکی مۆدێرنو بەپێی ستاندارە جیھانیەکان دروستبکرێن، کە کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دروست نەکات".
وتیشی "ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆژەی دروستکردنی پاڵاوگەیەکی تازە درا بەوەبەرھێنەرێکو فەرمانگەی ژینگە ڕەزامەندی نواند لەسەر پڕۆژەکە، بەڵام دواتر بێدەنگ بوو، جێبەجێ نەکرا، پڕۆژەکە ھەر ماوەو کرایەوە بۆ ھەر وەبەرھێنەرێک تا دروستبکرێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.