وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچوانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەكانی لە زانكۆ حكومییەكان بە مەرج راگەیاند، ئەوەش لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەركردنی پرسی دزەپێكردنی پرسیارەكان لەو قوتابخانانە.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دوابەدوای بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی دزەکردنی پرسیارەکانی (AP) سیستمی ئەمریکی لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، کە بە نوسراویان ژمارە (5509) لە (2024/11/18) بەدەستمان گەیشتوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرەڕاى هەبونى پشوى فەرمى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (2024/11/20)، ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بە مەرج ڕاگەیاند.
وەزارەتەكە وتوشیەتی، بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بە یوزەرنەیم و پاسۆردەکانیان دەتوانن لە ڕێگەى وێبسایتى (regayzanko.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆکانى کوردستان وەربگرنەوە.