کارمەندانی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی هاڤە و خالید شینکی، دژی پێنەدانی مووچەکانیان بۆ ماوەی ١١٠ ڕۆژ، لە دوای گردبوونەوەیان لە بەردەم قائیمقامییەتی ڕانیە، ڕێگای سەرەکی بەردەم ئیدارەی ڕاپەڕینیان داخست.
ئاوێنه: ئەمڕۆ، کرێکارانی پاککردنەوەی باخچەکان لە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی هاڤە و خالید شینکی لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە بەرامبەر پێنەدانی مووچە بۆ ماوەی ١١٠ ڕۆژ لە بەردەم بینای ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجام دا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا سەرحەد سەردار نوێنەری کرێکارانی پاککردنەوەی باخچەکان ئاماژەی بەوەکرد، وەکو کارمەندانی هاڤەر و خالد شینکی دوای پێنەدانی ١١٠ ڕۆژ مووچە، سەردانی قائیمقامییەتی شارۆچکەی ڕانیەمان کرد، هەروەها سەردانی هەموو لایەنە حزبی و ئەمنییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕینمان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراوینتەوە.
سەرحەد سەردار وتیشی: ژمارەمان زیاتر لە ١٢٠ کرێکارە کە کاری باخداریی دەکەین لە ئاودان، پاککردنەوە و بژاردکردن و هەموو ئەرکەکانی دیکەی، بەڵام نازانین بۆ دەیانەوێت مووچەکانمان ببڕن.
نوێنەری کرێکاران باسی لەوەشکرد، لە ١/١١/٢٠٢٤ کە ئێمە بایکۆتی کارکردنمان کردووە، هەرچەندە سەردانی باخچە پێویستەکانمان کردووە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت ئەوە بکەن بە نووسراوێک بۆ وەستاندنی کارەکانمان و بماننێرنەوە ماڵەوە.
هەروەها لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەکەیان و وەڵام نەدانەوەیان، کرێکارانی پاککردنەوەی باخچەکان، لە ئێستادا ڕێگای سەرەکی بەردەم ئیدارەی ڕاپەڕینیان داخستووە.