مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبێت لە پیشتیوانیكردنی رێككەوتنە یاساییەكانی نێوان بەغداو هەرێم.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی كردوە لە فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی پەرلەمان باسی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان دامەزراوەكانی ناوەند و هەرێم كردوە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكان و كەمكردنەوەی كێشەكان تا گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی ناكۆكییەكان لە چوارچێوەی یاسادا كە ماف و ئەركە دەستورییەكانی ناوەند و هەرێم دیاری دەكات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەحمود مەشهەدانی جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە پەرلەمان بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیكردنی رێككەوتنە یاساییەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك كە خزمەت بە خەڵكی عێراق بكەن لەسەرتاسەری وڵاتدا.