ههریهكه له رۆژنامهوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین كه مانگی (ئاب/8)ی ئهمساڵ لهسهر رێگهی سهیدسادق بۆ ههڵهبجه لهلایهن فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی توركیاوه كرانه ئامانج و گیانیان لهدهستدا، لە لیستی رۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکانی یونسکۆدا ناویان تۆمارکرا.
ئاوێنه: رۆژنامەوان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین 23ی (ئاب/8) لە ناوچەی سەیدسادق لهلایهن فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی توركیاوه كرانه ئامانج و گیانیان لهدهستدا، له ئێستادا لەلایەن دامەزراوەی کولتوری، زانسی و پەروەردەیی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ناویان لە لیستی رۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکان تۆمارکرا.
له لیستەكهدا ئاماژه بهوهكراوه، لە ساڵی 1993ەوە ناو و زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەوانانە بڵاودەکاتەوە، کە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا تیرۆر دەکرێن.
لە لیستەکەدا زانیارییەکانی وەک شوێنی تیرۆرکران، ئەو دەزگا راگەیاندنەی کاریان تێداکردوە، ئاماژەی پێدراوە، سەرباری ئەوەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ناوچەیەکی مەدەنی نشین و دور لە شەڕ کرانە ئامانج، بەڵام لە لیستەکەدا بەوجۆرە نیشاندراوە، لە ناوچەیەک کە شەڕی تێدابێت هێرشیان کراوەتەسەر.
ئۆدری ئازۆلای رێکخەری گشتیی یونسکۆ رایگهیاندوه، تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی شەرمەزارکردوە و بڕیاری ژمارەی 2222/2015ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی بە بیرهێناوەتەوە و دەستنیسانی کردوە کە "دەبێت رۆژنامەوانان و خەباتکارانی میدیا وەک مەدەنییەکان پاڕێزگارییان لێبکرێت".
ئۆدری ئازۆلای دهڵێت، "گوڵستان و هێرۆ لە کۆمپانیا چەتر پرۆدێکشن کاریان دەکرد، کاتێک بۆ بابەتێکی رۆژنامەوانی بەڕێکەوتبون لە رێگەی درۆنێکەوە تیرۆرکران"، هاوکات داواشی کردوە لێپرسینەوەیەکی ورد و بەهێز لەسەر بابەتەکە ئەنجام بدرێت.
بەپێی ئاماری یونسکۆ، لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2024 زیاتر لە هەزار و 700 ڕۆژنامەنوس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون و لەو ژمارەیەش %90ـی ئەم کوشتنانە نەتواندراوە بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێن یاخود بکوژان بە سزا بگەیەندرێن، یونسکۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە بێ سزایی دەبێتە هۆی کوشتنی زیاتر، رایگەیاندوە، "ئەم دۆخە زۆرجار نیشانەی خراپتربونی ململانێ و داڕمانی سیستەمی یاسایی و دادوەرییە".