دواى بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا بۆ لابردنى سێ سەرۆکشارەوانیی باکوورى کوردستان، پارتی دەم رایگەیاند، دانانی قەیووم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکانیان "کودەتا"یە و سەرجەم هەوڵەکانی گەڕان بەدوای ئاشتی لەناودەبات.
ئاوێنه: پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان "پارتی دەم" لەبارەی دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، ئێلهـ و خەلفەتی و دانانی قەیووم لە جێگەیان رایگەیاند، "جەختکردنەوە و بەردەوامیی دەسەڵات لە "کودەتای قەیووم"، نیشانەی پوکانەوەی سیاسییە. دانانی قەیووم لەم رۆژەدا کە ساڵیادی "کودەتای پەرلەمان" و دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانییەتی، مانا و پەیامی خۆی هەیە. ئەوەی روودەدات دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەیە لە ساڵی 1994ـەوە بەردەوامە بۆ لەناوبردنی سیاسەتی گەلی کورد."
پارتی دەم دەڵێت، "ئەم رێگا و رێبازانەی دەسەڵات دەیانگرێتەبەر، گومانی گەورەتر دەخاتە سەر رژدی دەسەڵات بۆ پرسی ئاشتیی و هەموو هەوڵەکان ژەهراویی دەکات. لە کاتێکدا، ئێمە چاوەڕوان بووین دەستمان بۆ درێژ بکرێت، دەست بۆ ئیرادەی گەلەکەمان درێژکرا، بۆیە هەرگیز مل کەچ ناکەین و دەست لە خەباتەکەمان هەڵناگرین، ئەگەر دەسەڵات بیەوێت بەم رێگە شکستخواردووانە سەرکەتوو بێت، لە هەڵەیەکی گەورەدایە."
پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکردووە، دانانی قەیووم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکان، "کودەتایەکی روونە" و دەستگرتنە بەسەر ئیرادەی خەڵکدا، پێشتر تاقیکراوەتەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی پێهێنراوە.
لە راگەیەندراوەکەی پارتی دەمدا هاتووە، دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە، دەیانەوێت بە دادگا و هێز دەستبەسەر ئەو شارەوانییانەدا بگرن کە بە رێگەی هەڵبژاردن نەیانتوانیوە تیایدا سەرکەوتووبن.