لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئاک پارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی قسە لەسەر دەستکردنەوە بە دانوستان لە تورکیا دەکەن، ئەمڕۆ دوو شەممە قەیوم بۆ سێ شارەوانی گەورەی باکوری کوردستان دانران کە یەکێکیان سیاسی ناسراوی کورد، ئەحمەد تورک سەرۆکیەتی.
ئاوێنە: بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورە شارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـا و شارەوانیی خەلەفەتی لە رووهای باکووری کوردستان دانران.
میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویانکردەوە، کە ئەم بەیانییە هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بیانی گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆدا و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان لەبارەی دانانی قەیووم گەیاندووەتە ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین.
هاوکات هەر بەیانیی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانی ئێلیها و خەلفەتیش دانراوە.
ئەم سێ شارەوانییە هەرسێکیان سەر بەدەم پارتین و لەلایەن خەڵکانی کوردەوە هەڵبژێردراون.
ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ئەو بانگەشە میدیانەیە کە حکومەتی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردا دەیکات.