بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، یەکێتی بە ستراتیژێکی نوێوە هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەنێت و نایەوێت ئەزمونی حوکمڕانییە تاکڕەوەکەی رابردو دوبارە ببێتەوە. دەشڵێت، ئەم قۆناغە نوێیەی هەرێمی کوردستان جێگەی تاکڕەوی و خۆسەپێنیی تێدا نابێتەوە.
ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ رایگەیاند، "یەکێتی بە ستراتیژێکی نوێوە هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەنێت، نایەوێت ئەزمونی حوکمڕانییە تاکڕەوەکەی رابردو دوبارە ببێتەوە. بۆیە هەوڵی ئێمە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەرپرسیارە بەرامبەر هاوڵاتییەکانی، حکومەتێکی دادپەروەر کە جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکات و بە یەک ئاست خزمەتی هەمولایەک بکات."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بافڵ تاڵەبانی وتیشی، "ئەم قۆناغە نوێیەی هەرێمی کوردستان جێگەی تاکڕەوی و خۆسەپێنیی تێدا نابێتەوە، ئەوەی لە رابردودا دامەزراوە حکومییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی و کەسیدا بەکاردەهێنران، کۆتاییهات و چیتر حکومەت نابێت ئەو شوێنە بێت کە تەنیا کار بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی دیاریکراو بکات، بەڵکو حکومەتی ئەمجارە هی خەڵکە و هەر دەبێت بۆ خەڵکیش بێت، هەمو هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەو ئیرادەیە، شکست دەهێنێت و یەکێتی رێگەی پێنادات."
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداو ململانێکانی ناوچەکە، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "جەخت لە پابەندبون بە دەستور و هاوبەشیی راستەقینە دەکەینەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی مافی هەمولایەک، وەکچۆن ئەرکی هەمولایەکە بەرامبەر ململانێکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەهێڵن وڵات ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان."