وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حكومهتى ههرێم لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانى وەرگرتنى دەرچوانى 12ى ئامادەیی لەزانکۆو پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2024-2025) ڕادەگەیەنێت.
ئاوێنە: لهكۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا د. ئارام محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد، سەدا 96ی ئەو دەرچوانەی پۆلی 12ی ئامادەیی کە فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردبوەوە، وەرگیراون کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 44 هەزار خوێندكار.
د. ئارام محەممەد قادر باسی لەوەشکرد، "هەمولایەک دڵنیادەکەینەوە وەکو ساڵانی ڕابردوو سەدا 100ی پێشکەشکاران لەزانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن، چونکە زیاتر لە 13 هەزار کورسیی زیادەمان ماوەو بەشی هەموان دەکات".
هاوکات د. خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتیی لەدیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەمساڵ 56 هەزارو 130 دەرچوی پۆلی 12ی ئامادەییان هەبوە؛ لەو ژمارەیە 41 هەزارو 277 دەرچوی بەشی زانستی؛ 13 هەزارو 541 دەرچوی بەشی وێژەیی؛ 410یان دەرچوی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانو 902شیان دەرچوی بەشی پیشەیی بون.
شێخانی ئهوهشى وت:"پلانی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، 64 هەزارو 761 کورسی بوە، جاری یەکەمە ئەم پلانە لەلایەن وەزارەتەکەوە ئامادەدەکرێتو ئامانجیش لێی وەرگرتنی هەموو دەرچوان بوە".