یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەهۆی بەگرێبەستکردنی 395 مامۆستای وانەبێژ دەستی لەکارکێشایەوە
  2024-11-03       243       

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەهۆی بەگرێبەستکردنی 395 مامۆستای وانەبێژ بڕیاریدا دەست لەکار بکێشێتەوە.

ئاوێنه‌: د. پێشەوا حەمید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەهۆی بەگرێبەستکردنی 395 مامۆستای وانەبێژ بڕیاریدا دەست لەکار بکێشێتەوە و دەڵێت، "لەماوەی کارکردنم لە ئەرک و بەرپرسیارێتی زانکۆ دەمتوانی وەک هەموو هاوڵاتییەکانی دیکە کە فەرمانی وانەبێژی بۆ براو ئامۆزاو کەسوکارم دەربکەم کە یاسایی و ئاسایی بوو، بەڵام نەمکرد و نایکەم".

دەقی دەستلەکارکێشانەوەی د. پێشەوا حەمید:

بەناوی خودای گەورەی بەخشندە
هەڤاڵ و هاورێیانی بەرێز و سەنگینم
سڵاو و رێزی زۆرم

ماوەی ١٢ ساڵە ( وەک سەرۆک بەش، راگری کۆلێژ، یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ) لە ادارەی زانکۆ ئەرک و بەرپرسیارێتم هەیەو بەشانازیەوە - بەقسەو دەنگدان و دەرکردنی فەرمانی کارگێری- هاوکاری دەیان و سەدان گەنجی دەڤەرەکەمان بوین بۆ بوون بەوانەبێژ و دواجار دامەزراندیان

١- لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی گەرمیان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لەژیاندا.

٢- لەماوەی کارکردنم لە ئەرک و بەرپرسیارێتی زانکۆ دەمتوانی وەک هەموو هاوڵاتیەکانی دیکە کە فەرمانی وانەبێژی بۆ براو ئامۆزاو کەسوکارم دەربکەم کە یاسایی و ئاسایی بو، بەڵام نەمکرد و نایکەم.

٣- لەماوەی کارکردنم نە لەئەنجوومەنی پێشوو نەئێستاش هەرگیز داوای دامەزراندنی کەسوکاری خۆمم نەکردوە و نایکەم.

٤- بۆ کەیسی ئەمجارە، تەلەفۆنم بۆکراو گوتیان وەعدیان پێداوین هەندێک گرێبەستمان بۆبکەن ناوی سیانی برایەکەت و شهادەکەمان بۆ بنێرە، منیش وەک هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی دیکە بۆم ناردن چونکە ئەو مافەی هەیە و ١٤ ساڵە دەرچووی زانکۆیە،بەڵام دوای ئەوەی لیستی ناوەکان گەرایەوە ئنجا بۆم دەرکەوت کە لەچوارچێوەی وانەبێژی کراوە.

٥- بەهیچ شێوەیەک و دوور و نزیک ئاگاداری - باش و خراپی- بابەتی ئەم دامەزراندنە نیم

بۆ رێزگرتن لە ناوبانگی بنەماڵەکەم، و پەروەردەی باوکم و دایکم، و کەسایەتی و خۆم، و جوانبینی و چاوەروانی هاورێیانم لە ستافی مامۆستاو خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆ، بۆ شانازی مناڵەکانم لێرەوە دەست لەکارکێشانەوەم لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ رادەگەیەنم، و تەنها وەک وانەبێژ لەم زانکۆیە بەردەوام دەبم.

وەک وەفای هاورێیەتی و پێزانین، هەر لەم مینبەرەوە سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ستافی (جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی و خاتوو شاناز ابراهیم احمد) کەلەماوەی ساڵانی رابردو و ئێستاش متمانەیان بە ئێمە هەبوە لە ئەرک و بەرپرسیاریتیدا
لەگەڵ رێزدا
د. پێشەوا حمید
مامۆستای بەشی یاسا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×