مونا قەهوەچی: نابێت بە بابەتی لاوەكی وەك تەوتین، پێكهێنانی حكومەت پشتگوێ بخرێت
  2024-11-02       243       

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی ڕایگەیاند: خەڵك چاوەڕێی ئەوەیە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و نابێت بە بابەتی "لاوەكی" وەك تەوتین، پێكهێنانی حكومەت پشتگوێ بخرێت.

ئاوێنە: مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای پارتی وت"کوردستان ئێستا خاوەنی بڕیاری یاسادانانە چاومان لەوەیە گفتوگۆکان بەزوترین کات دەستپێبکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکانی بکات، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت."

وتیشی"خاوەنی زۆرترین کورسی دەستپێشخەری دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆکان دەستپێبکات بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان چاوەڕێ دەکەین مەسرور بارزانی، ڕابسپێردرێ بۆ ئەوەی دەست بە هەنگاوەکانی کابینەی دەیەم بکات و چاومان لەوەیە بە کارایی بەشداریی بڕیارە سیاسییەکان بکەین، لە پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."

ئەوەشی خستەڕو"ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان، کلدان سریان، ئاشور، ئەرمەنیش زۆر نیگەران بوین لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان لە سەر بازنەکان، چونکە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکەمان نەبو، ئێمە مافەکانمان دەستەبەر کردبو بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان کە تێپەڕێنراوە."

باسی لەوەش کرد "ئێستا یەک کورسی گەڕاوەتەوە بۆ پێکهاتەی تورکمان لە هەولێر و یەک کورسیش لە پارێزگای سلێمانی، هیواخوازین لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەهەوڵی هەمو لایەک یاسای پێکهاتەکان هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کورسییانەی بە نادادپەروەری لێمان زەوت کرا و نەمانتوانی بیگەڕێنینەوە، بیگەڕێننەوە بۆ نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان."

مونا قەهوەچی وتیشی"هەر لایەنێکی سیاسی خاوەنی ئایدۆلۆجیایی جیاوازە، هەندێک لایەن هەبون لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەستەواژەی نەشیاو توندوتیژ و کۆمێنتی ناشرین و نەشیاوی بەرامبەر بە پێکهاتەکان بەکار دەهێنا، بەڵام هەندێک کەسیش هەبو دەیگوت مافی خۆیانە کە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، بەبێ نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان نابێت هەڵبژاردن بکرێت، واتە دو بەرە هەبو بەرەیەک پشتگیریی دەکردین، بەرەیەکیش دژایەتیی دەکردین."

مونا نەبی قەهوە چی ڕاشیگەیاند، "هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکان تێپەڕیوە خەڵکی چاوەڕیی ئەوەن کابینەی دەیەم دروست بکرێت، نەک بە بابەتی لاوەکی وەکو تەوتین، بەلاڕێدا ببرێت و دروستبونی حکوومەت پشتگوێ بخرێت، دەیانەوێت دەنگ و مافی خەڵکی و بابەتە گرنگ و سەرەکییەکان فەرامۆش بکرێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×