پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتو
  2024-11-01       367       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات لە 48 سەعاتی داهاتودا شەپۆلی باران ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بگرێتەوەو سبەی شەممەش پلەكانی گەرما چەند پلەیەك نزم ببنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی سنوری پارێزگای سێمانی و پلەكانی گەرماش نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و نمە باران و بارانی مامناوەند لە کات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت، لە کاتەکانی ئیوارەدا ڕێژەی دابارین کەمێک زیاتر دەبێت بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی پاشان لە شەودا کاریگەری ئەو شەپۆلە زیاد دەکات و باران بارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، سبەی پلەكانی گەرما 1 تا 2 پلە نزمتر دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 22، سلێمانی: 21، دھۆک: 23، کەرکوک: 23، ھەڵەبجە: 21، زاخۆ: 23، حاجی ئۆمەران: 10، سۆران: 20، گەرمیان: 23 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×