چوارچێوەی هەماهەنگی: دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنى نوێنەران بەڕێوەدەچێت
  2024-10-29       145       

چوارچێوەی هەماهەنگی، بڕیاریدا، دانیشتنی رۆژى پێنجشەممەى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنى نوێنەران، تەرخان بکرێت.

ئاوێنه‌: چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لە راگەیەندراوێكدا، بڵاویکردەوە، "دواى ئەوەى کۆبوونەوەى ئاسایى خۆیان ئەنجامداوە بڕیاریانداوە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، دانیشتنی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنى نوێنەران بەڕێوەبچێت".

لەبەشێکى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆكی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە وەكالەت، بانگهێشتى ئەندامانى ئەنجوومەنەکە دەكات بۆ دانیشتنێکەى رۆژى پێنج شەممە كە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنى نوێنەران".

رۆژى 22ـى تشرینى یەکەم، چوارچێوەی هەماهەنگی، داواى لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران ئەنجامبدەن، کە نزیکەى ساڵێکە، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە بەبەتاڵى ماوەتەوە.

14ـی تشرینی دووەمی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و بە تۆمەتی ساختەکردن لە نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×