"په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر سێ پرۆژەیاسا دڵخوازەکەی کوردو شیعەو سوننە ده‌دات"
  2024-10-26       291       


سبه‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌، دانیشتنه‌كانی‌ پەرلەمانی عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقیش ده‌ڵێت، "کارنامەی دانیشتنەکە سێ پرۆژەیاسا دڵخوازەکەی کوردو شیعەو سووننەی تێدایە".

ئاوێنه‌: ڕاگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كارنامه‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌پێنج بڕگه‌ پێكهاتووه‌، بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌م‌و سێیه‌م تایبه‌ته‌ به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر سێ‌ پرۆژه‌ یاسای جێی مشتومڕ، كە ساڵانێكە ململانێیەكی توندی لەسەرە لەنێوان هەر سێ‌ لایەنی كوردو شیعەو سوننە.

•بڕگەی یەكەمی‌ دانیشتنه‌كه‌ تایبەتە بەگێڕانەوەی موڵك‌و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كە هەندێك لەبڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.

•بڕگەی دووەمی خشتەی دانیشتنەكە تایبەتە بەدەنگدان لەسەر پێشنیازی هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە(88)ی ساڵی (1959) مادەكانی (2،10)، هێزە باڵادەستەكانی شیعە لەساڵی (2014) لەهەوڵی ئەوەدان ئەم یاسایە هەمواربكەنەوە.

•بڕگەی سێیەمی دانیشتەكەی سبه‌ینێی‌ پەرلەمانی عێراق، تایبەتە بەدەنگدان لەسەر هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە(27) ی ساڵی (2016). هەمواركردنەوەی یاساكه‌ یەكێك لەداواكارییە سەرەكییەكانی هێزە سونییەكان.

كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌ڵێت، دوای سێ هەفتە بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دانیشتنەکانی راگرتبوو، سبه‌ی‌ یەکشەممەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. ده‌شڵێت، کارنامەی دانیشتنەکە سێ پرۆژەیاسا دڵخوازەکەی کوردو شیعەو سوننەی تبَدایە

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌، هیچ پێکهاتەیەک متمانەی بەوی تر نیە، بۆیە هەر سێ پرۆژە یاساکە بەیەکەوە دانراوە. 

كاروان یاروه‌یس نوسیویه‌تی‌، "گرنگ بۆ کورد تێپەراندنی پرۆژە یاسای گەراندنەوەی موڵک‌و ماڵە بۆ خاوەنەکانیان کە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک بریاری مجلسی قیادە سەورەی بەعسە بۆ کوردو سڕینەوەی ئاسەواری تەعریب و تەرحیل گرنگە، بەڵام لەبەرامبەر تێپەراندنی دوو پرۆژە هەموارەکەی یاساکانی باری کەسێتی و لێبوردنی گشتیە کە لەئایندەدا بۆ کوردو کۆی کۆمەڵگه‌ی عێراقی کاریگەری نەرێنی زۆریان دەبێت."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×