كۆمسیۆن: هەڵبژاردن زۆر سەركەوتوبو
  2024-10-24       251       

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆر سەركەوتو بو، تا تەنها 160 سکاڵا هەبوە، هەروەها دەشڵێت، "تەنیا دەنگی پوچەڵ زۆرە، لە هەولێر 97 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە، لە سلێمانی 90 هەزار، لە دهۆکیش 18 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە".

ئاوێنه‌: نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەلێر ڕایگەیاند، "هەڵبژاردنەکە زۆر سەرکەوتو بوە و تەنها 160 سکاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبوە و لەكۆی شەش هەزار و 318 وێستگە تەنیا 26 وێستگە کێشەی هەبوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "کارەکان بەشێوەیەکی سەرکەتوانە بەڕێوەچون، تەنیا دەنگی پوچەڵ زۆرە، لە هەولێر 97 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە، لە سلێمانی 90 هەزار، لە دهۆکیش 18 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە".

نەبەرد عومەر باسی لەوەشكرد، "بەشداریکردنی دەنگدان بەراورد لەگەڵ 2021 زیاتر بوە، ئەو ڕیژەی دەنگی پوچەڵەش تەواوە، لە 2021 نزیكەی 197 هەزار دەنگی پوچەڵ هەبو، بەڵام ئەمجارە 208 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە، چونکە ڕێژەی بەشداربوان بۆ دەنگدان ئەمجارە زیادی کردوە".

ئەوەشی خستەڕو، "کۆمیسیۆن بۆ یەکەمجار وێنە و کارتی دەنگدان دەداتەوە هەمو لایەنە سیاسی، هاوپەیمانیەتی و كاندیدە سەربەخۆکان كە بەشداری هەڵبژاردنیان كردوە و  دەتوانن بێن لە ئۆفیسەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی وەری بگرن و وردبینی و بەراوردی بۆ بکەن".  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×