هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند 'هەسەدە'، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، 37 هاونیشتمانی کوژراون و برینداربوون.
ئاوێنه: هەسەدە لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت "لە چەند کاتژمێری رابردوودا، دەوڵەتی تورکیا زنجیرەیەک هێرشی نوێی لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە، کە ژێرخانی سەرەکیی پەیوەست بە ژیانی دانیشتووانی کردووەتە ئامانج".
ئاماژەبەوەشکراوە "بەهۆی هێرشەکانەوە 12 هاونیشتمانیی مەدەنی کوژراون و 25ی دیکەش برینداربوون، کە برینی بەشێکیان سەختە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەلایەن فڕۆکە و تۆپهاوێژەکانی تورکیاوە، 42 ناوچەی نیشتەجێبوون و وێستگەکانی کارەبا و نەوت و بازگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کراونەتە ئامانج".
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، پاش هێرشە چەکدارییەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیا دێت لە شارى ئەنقەرە، کە بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش برینداربوون.