قەرەیلان: دژی پڕۆسەی چارەسەری نین بەڵام رێگە بە سیاسەتی فریودان نادەین
  2024-10-23       871       

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، تورکیا بە هەمو توانای خۆیەوە بە شەڕ دژی کورد نەیتوانیوە ئەنجامی دڵخوازی خۆی بەدەست بهێنێت، وەک تەڤگەرەکەمان ئێمە دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراتی نین، بەڵام ڕێگە نادەین بە سیاسەتی فریودان، کە بە تاکتیکی “شەڕی تایبەت” بەڕێوەدەبرێت.

ئاوێنە: فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، تورکیا دەیوت “ئەم هاوینە بازنەکە تەواو دەکەین”، تیشکی خستەسەر کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و وتی: “لە نزیکترین کاتدا ئێمە قوفڵەکە دادەخەین” و دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت لەمەدا سەربکەوێت. قەرەیلان جەختی کردەوە، شەڕ بەردەوامە، نە گەمارۆیەک ڕویداوە، نە قوفڵ داخراوە.

موراد قەرەیلان دەربارەی گفتوگۆکانی ئەنقەرە وتی: “وەک تەڤگەر ئێمە دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراتی نین، بەڵام ڕێگە نادەین بە سیاسەتی فریودان کە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، بێگومان هەلومەرجەکان گۆڕاون و ڕابردو دوبارە نابێتەوە."

وتیشی"بێگومان ئەگەر ڕەوشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دوبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل، ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت."

ئەوەشی خستەڕو"بێگومان وەک ڕێبەر ئاپۆش دەستنیشانی کرد، پەکەکە و سیاسەتی یاسایی_دیموکراتیکی کورد خاوەنی ڕۆڵی گرنگن لە چارەسەردا، ئەوەی ڕژێم دەیکات تاکتیکی سوکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا، پێویستە ئەمە نەکەن، ڕۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت."

قەرەیلان دوپاتی کردەوە، بەرخۆدانی کورد بەردەوامە و وتی: “توركیا لە باکور نەیتوانی کۆتایی بە پەکەکە بهێنێت یان پەرشوبڵاوی بکات، نەیتوانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەناوببات، نەیتوانی هەرێمەکانی وەک شەنگال و کەمپی مەخمور چۆڵ بکات، نەیتوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە تەواوەتی تەسفیە بکات و درێژە بە داگیرکاری بدات."

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک ئیتر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبوڵ کردوە؛ هەروەها ڕۆڵی داوە بە سیاسەتی دیموکراتی و یاسایی و وتی، ناتوانرێت پاشەکشە لەمە بکرێت و ناکرێت ببێتە بابەتی گفتوگۆ.

قەرەیلان ڕایگەیاند بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبوڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانی وەک موخاتەب قبوڵ کردوە و لێدوانەکەش بەو هۆیەوە دراوە، قەرەیلان وتی: “ڕاستییەکە ئەمەیە، ئەگەر نزیکایەتییەکە بەگوێرەی ئەم ڕاستییە بێت، وەڵامی خۆی لای کورد دەبینێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×