بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆببێتەوە و ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن تاوتوێ بكات.
ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیای رەسمی حزبەكەی وت، سبەی پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.
وتیشی، لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ سێشەممە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبوەوە و دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تاوتوێکرد و رایگەیاند، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و ھاوسەنگی ھێز، نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتوی یەکێتی دەبێت، ھەروەھا دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە ھەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، لەئێستاوە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی حزبەکەیان لە پڕۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە ھەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن.