ئا: ئاوێنە
فەتحوڵا گولەن، سەرۆکی بزاوتی خزمەتو دوژمنی سەرسەختی ئەردۆغان، لەتەمەنی ٨٣ ساڵیدا لەویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد. ئەم پیرە پیاوە بەناوبانگو کاریگەرە کە لەسەرتاسەری جیهانی ئیسلامو ڕۆژئاوادا ناسراوە، کێ بوو؟
گولەن، لەگوندێکی ئەرزرۆمەوە تا ویلایەتی پەنسیلڤانیا
هەرچی هەوادارانی بزاوتی خزمەتە، گولەن بە"گاندی جیهانی ئیسلام" ناودەبەن، بەو پێیەی باوەڕێکی پتەوی بەگفتوگۆی شارستانییەکانو لێبوردەییو کرانەوە بەڕووی هەموو ئایینەکانی دیکەو بەها مرۆییەکانی رۆژئاوادا هەبوو. نەیارەکانیشی ئەو بە"لادەر"و تەنانەت بە"سەرۆکی رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناودەبەن. هەربۆیە رەنگە فەتحوڵا گولەن، بەیەکێک لە"ئاڵۆزترینو ناڕوونترین کەسایەتی" لەمێژوودا بمێنێتەوە.
گولەن ناودارترینو کاریگەرترینو دەوڵەمەندترین بانگخوازی ئیسلامی بوو، پیاوێک بوو کە چەندین رەمزو رازی پڕ لەنهێنی لەکەسایەتی خۆیدا کۆکردبۆوە.
مەهمەت فەتحوڵا گولەن، ساڵی ١٩٤١ لەگوندێکی شاری ئەرزرۆم لەدایکبووە، کە بەلای تورکەکانەوە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیو نزیکییەوە لەسنوری روسیاو ئێرانهو پێکهاتەی دانیطوانییەوە لەڕووی هێماو مێژووییەوە جێی بایەخو گرنگیپێدان بووە، باوکی گولەن "ئیمامو وتارخوێن"ی مزگەوت بوو، رۆژگاری هەرزەکاریو گەنجێتی گولەنیش هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ سارد، ئەم سێ خاڵە رۆڵی گەورەیان لەسەر جیهانبینیو پێکهاتەی بیرکردنەوەی گولەن هەبووە.
فەتحوڵا گولەن، کە لەتەمەنی منداڵییەوە پەروەردەی ئایینی وەرگرتووە، لەهەڕەتی گەنجێتیدا بووەتە بانگخوازو بیرکردنەوەی دژە کۆمۆنیزم بەسەریدا زاڵ بووە، کە لەو رۆژگارەدا لەناو رەوتە ناسیونالیزمو بزوتنەوە ئایینیو راستڕەوەکانی تورکیادا باو بووە، ئەو بەدرێژایی ژیانی یەکێک بوو لەسەرسەخترین نەیارانی چەپو کۆمۆنیزم.
گولەن لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دەچێتە ناو بزاوتی "نور"ەوە "هەوادارانی سەعید نەورەسی"، کە یەکێک بوو لەگەورەترین بزوتنەوە ئایینیەکانی ئەو سەردەمە.
لەشاری ئەدیرنە وەک بانگخوازێک دەستی بەکارەکانی کرد، بەڵام ئەو شوێنەی کە زیاتر ناوبانگی تیا دەرکرد، شاری "ئیزمیر" بوو، کە لەکۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا چووەتە ئەوێو بووە بەئیمامی مزگەوتی گەورەی ئیزمیرو بەوتارەکانی سەرنجی خەڵکی راکێشاوەو لەناو تورکیادا ناوبانگی دەرکردووە، لەوێ وەک بەڕێوەبەری خولی قورئانیش کاری کردووەو داهێنەری رێکخستنی ئەو کۆبوونەوانە بووە کە بەگفتوگۆی ئایینی ناو قاوەخانەکان ناسراون.
ئەوانەی گولەنیان ناسیوە دەڵێن هەر لەگەنجیەوە توانای قسەکردنێکی سەرنجڕاکێشو بەهێزی هەبووە. ئەو لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لەبزووتنەوەی "نور" جیابووەوەو بزاوتێکی تایبەت بەخۆی پێکهێناو دەیویست خۆی تێیدا تاکە سەرکردە بێت. بناغەی بزووتنەوەکەشی لەیەکێک لەشارە مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ دامەزراند کە شاری ئیزمیرەو لەساڵانی دواتردا بە"قەندیلی گولەنیستەکان" ناوبرا.
لەو رۆژگارەدا ماڵەکانی "ئیشق" دادەمەزرێنێت بۆ ئەو خوێندکارانە کە لەلادێکانەوە دەهاتن بۆ ئیزمیر بەمەبەستی خوێندنو دواتر بوونە بنەمای بزاوتەکەی گولەن. لەم ماڵانەدا جگە لەوەی شوێنی حەوانەوە بۆ خوێندکارەکان دابین دەکرا، بەچڕی خولی قورئانی تیا دەخوێنراو ئەمانە لەساڵانی دواتردا بە"ماڵی ڕووناکی" ناسرانو فەتحوڵا گولەن دەیویست بەوتەی خۆی "نەوەیەکی زێڕین پەروەردە بکات". ئەو "خوێندکارانەی" کە بەشدارییان لەخولانەدا کردو ڕاهێنانیان پێکرابوو، دواتر ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لەجێبەجێکردنی پڕۆژە نوێیەکانی گولەندا.
گولەن هەرچەندە بەردەوام لەململانێدا بوو لەگەڵ ژەنرالو فەرماندە سەربازییە توندڕەوەکانی هەواداری عەلمانیەتی تورکیا، بەڵام دوای کودەتا سەربازیەکانی ١٩٧٠و ١٩٨٠، کە حکومەتی سەربازیی رەوتە چەپەکانی سەرکوت کردو رێگەی چالاکی پێنەدان، گولەنیستەکان وەک زۆرێک لەگروپە ئیسلامییەکان کەشێکی رەخساوتریان بۆ چالاکی خۆیان دۆزییەوە.
هەروەها گولەنیستەکان لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ پارتی دایکی نیشتمان (ANAP) بەسەرۆکایەتی تۆرغۆت ئۆزال دامەزراند. لەو ساڵانەدا لەزۆر شوێنی تورکیا وتارە تۆمارکراوەکانی گولەن شار بەشار بەکاسێتی دەنگیو ڤیدیۆیی بڵاودەکرانەوە.
لەهەموو ئەوانەش گرنگتر. لەسەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بۆ یەکەمجار قوتابخانەی ئەهلیو دامەزراوەی فێرکاری تایبەتی کردەوەو گولەن ئامۆژگاری شوێنکەوتووانی دەکرد کە لەبری مزگەوت، قوتابخانەیەک دروست بکەنو کاراکتەری خۆی بە"خزمەتکار" ناودەبردو بزاوتەکەشی بە"خزمەت".
کراوەیی ئەو، بەرامبەر بەئایینو شارستانیەتو کولتوورەکانی جیهانو "پیرۆزکردنی" بەهاکانی مۆدێرنێتەی ڕۆژئاوا، وەک دیموکراسی، ئازادی، فرەیی حزبیو دیالۆگی شارستانیەتەکان، وایکرد کە ئیسلامییە تەقلیدییەکان تۆمەتباری بکەن بەلادان لەئایینی ئیسلام. هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لەزانایانی ئیسلامیش پێیانوایە بزاوتەوەکەی بەربڵاوترینو پەسەندکراوترین بزاوت بووە، تەنانەت لەئیخوان موسلیمینیش.
گولەن نزیکەی ٦٠ کتێبی نووسیوە (لەبارەی ئایین، سیستەمی پەروەردە، سیاسەت، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، گفتوگۆی نێوان ئایینەکان، هونەر، وەرزش)، لەگەڵ هەزاران وتارو لێکۆڵینەوە، کە وەرگێڕدراونەتە سەر ژمارەیەکی زۆر لەزمانە جیهانییەکانو هەمیشە ئەو باس لەئیسلامێکی میانڕەو دەکات کە لەگەڵ بەهاکانی رۆژئاوادا کۆکەو دوورە لەو وێنەیەی پیاوانی ئایینی کۆنەپارێزی موسڵمان بۆ ئیسلامی دەکێشن، بەمەش شوێنکەوتوویەکی زۆری بەدەستهێناوە.
گولەن خۆی بەوتەبێژی هەموو موسڵمانانی سوننە دەزانیو پێیوابوو ئایینزای سوننە "لەهەموو مەزهەبەکانی تر زیاتر لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاواو بەهاکانی وەک دیموکراسیو کراوەییو گەشەسەندنی زانستیو ئابوری دەگونجێت".
یەکێک لەو "تیۆریانەی" کە گولەن کێشەی فیقهی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەزانایانی ئیسلامی بۆ دروست کرد، جەختکردنەوەی بوو لەوەی کە "ناتوانم بوونی شتێک بەخەیاڵمدا بێت پێیدەوترێت دەوڵەتی ئیسلامی"، ئەو پێیوابوو جیهانی ئیسلامی ئەمڕۆ زۆر لەوە دواکەوتووترە، توانای ململانێی لەگەڵ هێزە گەورەکانی دنیا هەبێت.
گولەن وتیشی "یەکێک لەو کەسانەی لەجیهاندا زۆرترین ڕقم لێیەتی، ئوسامە بن لادنە کە سیمای ئیسلامی رەش کردووە".
لە نیوەی دووەمی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە، گولەن لەگوتارەکانیدا جەختی لەسەر گرنگی جیهانگیریو دیموکراسی دەکردەوەو باسی لەوە دەکرد کە ئیسلامو دیموکراسی تەواوکەری یەکدیینو پێداگری لەسەر بایەخی "دیالۆگی نێوان ئایینەکان" دەکردو لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکانو گەورە حاخامی جووەکانی ئسرائیل کۆبوەوە.
گولەن چەندین جار ڕەخنەی لەکۆماری ئیسلامی ئێران گرتووەو بە"حکومەتێکی شیعە"ی ناوبردووە کە بەزەبری هێز مومارەسەی دەسەڵات دەکاتو لەڕێگای لێبوردەیی لاداوەو وتویەتی "تا من ماوم هەرگیز پێ ناخەمە سەر خاکی ئێران".
لە نێو هەموو وڵاتانی جیهانی ئیسلامی، ئێرانو سعودیە تاکە وڵات بوون ڕێگەیان بەمۆڵەتی کارکردن بەقوتابخانەکانی گولەن نەدا. یەکێک لەسیما دیارەکانی ڕێکخراوی گولەن چ لەتورکیاو چ لەدەرەوەی وڵات لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەو قوتابخانانە بووە کە کردوویەتییەوە، بەهەرێمی کوردستانیشەوە.
هەرچەندە لەوڵاتی خۆیدا بزووتنەوەی گولەن بەدژە ناسیۆنالیزمی توندڕەو دادەنرێت، بەڵام چالاکی دەرەوەی وڵات ئەم بزوتنەوەیە بەتامی ناسیۆنالیزمی تورکییە، تا ئەو ڕادەیەی کە زۆربەی خۆبەخشو فەرمانبەرە چالاکەکانی ناو دامودەزگاکانی "بەتایبەتی بەڕێوەبەرو مامۆستای قوتابخانەکانی" تورکن. لەهەموو قوتابخانەکانیشیدا لەکوردستانو ئۆزبەکستانەوە بگرە تا پاکستانو کەمبۆدیا، قوتابیەکان فێری زمانی تورکیو گۆرانی تورکی دەکرێنو گەورەترین خزمەت بەزمانو کلتوری تورکی دەکات.
بەناوبانگترین کێشەی سیاسی گولەن لەگەڵ ڕژێمی عەلمانی تورکیا، ساڵی ١٩٨٨بوو، کاتێک میدیاکانی سەر بەدەوڵەت گرتەیەکی ڤیدیۆیی گولەنیان بڵاوکردەوە، تیایدا داوا لەلایەنگرانی دەکات کە پۆستی باڵایان لەدەسەڵاتی دادوەریو سەربازیدا هەبووە، "بەهێمنی کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەت" بکەن. گولەن ماوەیەک بەر لەم بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە، وڵاتەکەی بەجێهێشتبوو بۆ ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا بەمەبەستی چارەسەرکردن. ساڵی ٢٠٠٠یش فەرمانی دەستگیرکردنو دادگاییکردنی بەغیابی دەرچوو.
گولەنو ئەردۆغان
بزاوتی خزمەت، ئیمپراتۆریەتێکی زەبەلاح
کاتێک گولەن تورکیای بەرەو ئەمەریکا بەجێهێشت، بزوتنەوەی گولەن خاوەنی ئیمپراتۆریەتیکی زەبەلاحی میدیاییو ئاژانسی هەواڵو رادیۆو کەناڵی تی ڤیو رۆژنامەو گۆڤارو دامەزراوەیی پەروەدەییو دەیان کۆمپانیای بازرگانیوبیناسازیو بانکی بوو.
گولەن ئەندازیاری ڕێکخراوێکی گەورەو ئاڵۆزو ئامانجدار بوو بەناوی "بزاوتی خزمەت"، کە جگە لەوەی کاریگەری لەسەر هەموو ئۆرگانەکانی سیاسی، ئابووری، سەربازی، ئەمنیو دادوەری تورکیا هەبوو، لە١٣٠ وڵاتی جیهانیشدا، قوتابخانەی هەبوو، ئەم قوتابخانانە یەکێک بوو لەسەرچاوەکانی داهاتی بزاوتەکەی. لەزۆرێک لەوڵاتانی جیهاندا کەسانی دەوڵەمەندو سیاسەتمەدارو خێزانە ناودارەکان هەوڵیان دەدا منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەو قوتابخانانەی کە لەلایەن ئەوم بزاوتەوە بەڕێوەدەبران! لەبەرئەوەی کوالێتی وانەوتنەوە لەو قوتابخانانە بەرز بوو، زۆر ڕێکخراو بوون. قوتابیەکانی ئامادە دەکران بۆ ئەوەی رۆڵێکی دیار لەکۆمەلگەدا ببینن.
بزاوتی خزمەت، هەزاران کادری ڕاهێنا کە دەستیان بەسەر دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی تورکیادا گرتو بەکردەوە حکومەتێکی شاراوەی رێکخراویان دروستکرد، کە کاریگەرییان زۆر بەهێزتر بوو لەحکومەت.
وەک گرنگترین ئۆرگانی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەی گولەن، "ڕۆژنامەی زەمان" ڕۆژانە یەک ملیۆن دانە بەزمانی تورکیو زیاتر لە٣٠٠ هەزار دانەی بەزمانی ئینگلیزیو ئەڵمانیو عەرەبی بڵاودەکردەوەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانو ئاژانسەکانی هەواڵو دامەزراوە میدیایەکانی گروپەکەی گولەن خاوەنی پێشکەوتووترین تەکنیکو تەکنەلۆجیا بوون.
لەئاستی نێودەوڵەتیدا، چەندین کۆمپانیای بیناسازیو بەڵێندەرایەتی گولەن لەوڵاتانی جیاجیادا چالاک بوون. تەنانەت گولەنەکان دزەیان کردە ناو سوپاو پەیوەندیی چڕوپڕیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش دامەزراند، هەرچەندە گولەن هەوڵی دامەزراندنی حزبێکی گەورەی تایبەت خۆی نەدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی نفوزیان زۆر فراوان بوو، پشتیوانیان لەپارتە سیاسییە جیاوازەکان دەکرد، بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.
ڕێکخراوی گولەن لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ەوە پاڵپشتی ئاکەبەی کردو لەگەڵ ئەردۆغان بووە هاوپەیمانو یارمەتی دا بۆ گەیشتنە دەسەڵات، لەبەرامبەردا حکومەتی ئاکەپە لەزۆر بواردا ئاسانکاری بۆ گولەن کرد لەکارەکانیدا. بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان ئاکەپەو ڕێکخراوی گولەن بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠١٢ رووی لەئاڵۆزی کرد، کاتێک دەەزگای میت بەسەرۆکایەتی هاکان فیدان کەوتە لێکۆڵینەوە لەئەندامانی سەر بەبزوتنەوەی خزمەت. ئەردۆغانیش لەوتارێکیدا لەساڵی ٢٠١٤، کە سەرۆک وەزیران بوو، ڕەخنەی لەپێکهاتەی بزوتنەوەی خزمەتو گولەن گرتو بە"رێکخراویکی تیرۆریستی" ناویبرد. دوای ئەوە ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەت دژی ڕێکخراوی گولەن دەستی پێکرد.
هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ پاکتاوکردنی لایەنگرانی گولەنی خێراتر کرد. بەگوتەی حکومەت گولەنیستەکان لەپشت هەوڵی کودەتاکە بوون. هەرچەندە فەتحوڵا گولەن ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە، بەڵام هەزاران ئەندامیان روبەڕووی دەستگیرکردنو دادگایی کردنو دەرکردن لەدامودەزگاکانی حکومەت بوونەوەو بەشێک لەئەندامانی پێشەنگی ڕێکخراوەکەش هەڵهاتنو لەوڵاتانی ڕۆژئاوا نیشتەجێ بوون.
فەتحوڵا گولەن کە بەگەشتەکانی بۆ گوندەکانی دەشتە دوورەکانی ئەنادۆڵ دەستیپێکردو بووە هۆی ئەوەی ببێتە ئەستێرەیەکی نێودەوڵەتی، لەلایەن ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیاوە خەڵات کراو ذەندین زانکۆی ئەمریکاو بەریتانیاش دکتۆرای فەخرییان پێبەخشی.
فەتحوڵا گولەن
گولەن: خۆزگە نەورەسی کورد نەبوایە
بزاوتی خزمەت هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، گرنگییەکی زۆری بەباکورو دواتریش بەباشوری کوردستان داوە، دەیان قوتابخانەو کۆلیجی تیا کردونەتەوەو چەندین كۆمپانیای توركی سەر بەم گروپەش کە کاری بازرگانییان کردوە، ئایدۆلۆژیای ئەم بزاوتەیان بڵاوکردووەتەوە.
هەرچەندە گولەن لەسەرەتاوە چووەتە ناو بزاوتی نورەوەو خۆیشی بەدرێژەپێدەری رێبازی نەورەسی زانیوە، كە زانای كورد سەعید نەورەسی بەدیعولزەمان رابەرایەتی كردووە، بەڵام فەتحوڵڵا گولەن لەبەرئەوەی كە نەورەسی كورد بووە، ئامادە نەبووە سەردانی بكاتو بیبینێتو وتویەتی "پێمخۆش نەبوو کە سەعید نەورەسی کورد بوو"!
گولەن کە لەژیانیدا وشەیەکی کوردی بەکارنەهێناوە، باسی ئەوە دەكات کە بۆچی سەعید نورسی لە نزیكەوە نەبینیوە، ئەو دەڵێت "هەموو ئەرزڕۆمییەك هەر لە لەدایكبوونییەوە نەتەوەپەرستەو كەمێك توركپەرستە. ئەو بۆچوونو عەقڵیەتە بەهۆی كاریگەریی ژینگەوە لەسەر منیش هەبووە. پاشان ئەو بۆچوونە نەما، بەڵام ئەوەم كردە كێشە كە ئەو خەڵكی ئانادۆڵ نییە، ئەو بۆچوونە لە ناخمدا بووە گرێیەك. ئیدی ئەوە بووە رێگر كە چاوم بە بەدیعولزەمان نەكەوێت".
گولەن هەرچەندە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو خۆی وادەرخستووە کە لەباكووری كوردستانو هەرێمی كوردستان، دژی مافەكانی كورد نییە، بەڵام کورد لەم هەڵوێستەی بەگوماننو پێیانوایە بیركردنەوەی گولەن لەبارەی كوردەوە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەتو تەنیا لەڕووکەشدا جیاوازن، دەنا لەناوەڕۆكدا هەر یەكن، ئەویان تورکچییەکی زبرو ئەمیان تورکچییەکی نەرم. لەکاتێکدا کە دەوڵەت راستەوخۆ نكۆڵی لەبوونی نورد لەتوركیا دەكات، گولەن لەژێر ناوی برایەتیی ئایینی دەڵێت سیاسەت لەسەر بنەمای ناسنامە حەرامە، مەترسیدارە بۆ سەر ئایین، بەو گوتارە دەخوازێ كورد فریوو بدات. هەربۆیە دەوڵەتی تورکیا ئاسانکاریی کردووە بۆ بزاوتی خزمەت تاوەكو زیاتر خۆی لەنێو كوردو شارە کوردییەکاندا رێكبخات.
تەنانەت ساڵی ٢٠١١ تۆمارێکی دەنگی گولەن بڵاوبۆوە کە گولەن دوعای شەڕو فەتوای کوشتنی "گەریلاکانی پەکەکە" دەداتو حەوالەی خوایان دەکات..
هەرچەندە گولەن بەردەوام دەیوت جیاكارى لهنێوان كورد و توركدا ڕاست نییه، بەڵام چارەسەری بۆ پرسی کورد لەوە تێنەدەپەڕی کە لەناوچه کوردییەکاندا خوێندنو خوێندهوارى ڕهواجى پێ بدرێ، بەو پێیەی ئهگهر كێشهى خوێندن چارهسهر ببێت زۆر گرفتى تری وەک بێکاریو هەژارییش چارهسهر دهبن. گولەن دەیویست لەڕێگەی قوتابخانەکانیەوە لەباکورو باشوری کوردستان منداڵانی كورد لەرێگەی فێركردنی زمانی توركییەوە بكەن بەتوركێكی ئیسلامی.
بزووتنەوەی گولەن، کە لەناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا، وەكو رێكخراوێكی دژ بەهەڵكشانی كۆمۆنیزم لەئەزمیر سەریهەڵدا، لەڕووی فکرییەوە زۆر دژە پەكەكە بوو، بەو پێیەی بزوتنەوەیەكی چەكداریی ماركسی لینینیە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێانوایە دوژمنایەتی گولەن لەگەڵ پەكەكە، بەهۆی كوردبوونی پەكەكەوە بوو. چونكە كوردبوونی پەكەكە ئاستەنگو رێگر بوو لەوەی بزاوتی گولەن زیاتر لەناو کورددا گەشە بکات. لەبەرامبەریشدا بزاوتی گولەن لەژێر ناوی دوژمنایەتیكردنی پەكەكە لەدژی چارەسەری سیاسی كێشەی كورد وەستاوەتەوەو تەنانەت دژی کرانەوەی ئاکەپەو گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان دەوڵەتو پەکەکەش بوو لەساڵی ٢٠١١ بەمەبەستی چارەسەری کێشەی کورد.