هاوسەرۆکی دەم پارتی: چارەسەری پرسی کورد لەدەستی ئێمەدایە
  2024-10-22       596       
تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی


له‌چوارچێوه‌ی‌ پرسی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیا، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان -دەم پارتی-  ڕایگه‌یاند، چارەسەری پرسی کورد لەدەستی ئێمەدایە، ڕێگەی چارەسەری ڕاستەقینە ڕونە، با گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان لاببرێت."

ئاوێنه‌: تولای حاتیمۆغولاری لەکۆبونەوەی پارتەکەی لەپەرلەمانی‌ توركیا قسه‌ی‌ له‌سه‌ر پڕۆسەی ئاشتیی كردو وتی‌، بەناوی سیاسەتی ئاسایش و سەقامگیرییەوە گەلانی تورکیا دوچاری هەژاری بونەتەوە، درێژەپێدانی ئەم پڕۆسەیەش بنەمای کێشەکانی کۆمەڵگەیە، ئەوەشی خستەڕو سیاسەتی ئەمنیەتیی، بووەتە هۆکاری لێکترازان و پەرتەوازەیی گەلانی ڕەسەنی هەرێمەکە.

ناوبراو جەختی لەسەر تێکۆشانیان کردەوە لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لەتورکیاو وتی‌، دەبێت ئەم ڕاستییە بچەسپێنین؛ سیاسەتی دەرەوەی پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ ده‌سه‌ڵاتدار -ئاکەپە- تۆپەکەی هاویشتووە، بەڵام چارەسەری پرسەکانی کورد لەدەستی ئێمەدایە، چارەسەرکردنی پرسەکەش بەمانای بەرقەراربونی ئاشتییە لەهەرێمەکەدا، چارەسەری پرسی کورد، ڕێبازو موخاتەبەکانی ڕونە.

جەختی کردەوە، "بەردەنگ و موخاتەبی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و پرسی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، کە لەئیمراڵیدا لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە."

ڕاشیگەیاند، "دەم پارتی لەپەرلەماندا ناونیشانی پرسی کوردە، بەگوێرەی ئەزموونەکانی پێشومان باش دەزانین ئاشتییەک تا کۆمەڵایەتی نەکرێتەوە ئەوا ناتوانین وەک ئاشتییەکی ڕاستەقینە دەستەبەریبکەین."

له‌باره‌ی‌ گۆشەگیری سه‌ر ئۆجالان له‌ئیمراڵی، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕونیكرده‌وه‌، "سەرۆکی مەهەپە لەلێدوانی فراکسیۆنەکەیدا بۆ لابردنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان قسەی کرد، ماوەی ٤٤ مانگە گۆشەگیری بەردەوامە، بۆ لابردنی گۆشەگیری ساڵانێکە تێدەکۆشین، ڕای گشتی ساڵانێکە داوای لابردنی گۆشەگیری دەکات، بە دڵنیاییەوە پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان لاببرێت، لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا وەک دەم پارتی ئامادەی هەموو کارێکین بۆ بونیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی”.

له‌پێشهاتێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراودا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دەوڵەت باخچەلی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ژادپه‌رستی‌ توركیا -مه‌هه‌په‌- له‌په‌رله‌مانی‌ توركیا ڕایگه‌یاند، "با ئەو گۆشەگیریەی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێ‌و بێتە ناو پەرلەمان.. با هەموو تورکیا ئه‌م په‌یامه‌ ببیستێ، ناونیشانی‌ چارەسەری كێشه‌ی‌ كورد نە لەقەندیلەو نە ئەدرنە، بەڵکو لەئیمڕاڵیه‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×