وەزیری کارەبا: هاوینی داهاتو بەرهەمهێنانی كاره‌با زیاتر ده‌كه‌ین
  2024-10-22       191       

زیاد عه‌لی فازڵ وه‌زیری كاره‌بای عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، عێراق پشت به‌ دو سه‌رچاوه‌ ده‌به‌ستێت بۆ هاورده‌كردنی غاز، "له‌ ماوه‌ی هاوینی داهاتوشدا به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ زیاد ده‌كات ئه‌گه‌ر غازی هاورده‌ سه‌قامگیر بێت".

ئاوێنه‌: زیاد عه‌لی فازڵ له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، له‌ هاوینی داهاتودا بڕی هاورده‌كردنی غازی ده‌گاته‌ 50 ملیۆن مه‌تر سێجا له‌ ڕۆژێكدا، به‌مه‌ش ڕۆژانه‌ 20 ملیۆن مه‌تر سێجا له‌ توركمانستان و پاشماوه‌ی غازی ئێران ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ واژۆكراوه‌.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ وابه‌سته‌یی هاورده‌كردنمان بۆ غاز هه‌مه‌چه‌شن كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی 20 ملیۆن مه‌تر سێجا له‌ توركمانستانه‌وه‌ بێت و نزیكه‌ی 30 بۆ 50 ملیۆن مه‌تر سێجا له‌ دیوی ئێرانه‌وه‌ بێت، له‌بری یه‌ك سه‌رچاوه‌ دو سه‌رچاوه‌مان هه‌بێت، زیادكردنی بڕی به‌رهه‌مهێنانی غازی ناوخۆیی خۆمان كه‌ سێیه‌م سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كییه‌، ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ بڕی هاورده‌كراو".

سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای وه‌زاره‌ت، وه‌زیری كاره‌با ڕونیكرده‌وه‌، "به‌رهه‌مهێنانمان له‌ ماوه‌ی هاویندا گه‌یشته‌ 27 هه‌زار و 400 مێگاوات، هه‌روه‌ها كه‌می غازیشمان هه‌بو كه‌ نزیكه‌ی 10 ملیۆن بو ئه‌وه‌ش یه‌كسانه‌ به‌ هه‌زار مێگاوات، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ تێده‌په‌ڕێنین  و له‌ هاوینی داهاتودا دوای ئه‌وه‌ی غازه‌كه‌ جێگیر ده‌بێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×