وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: ئه‌گه‌ری فراوانبونی شه‌ڕه‌كه‌ هه‌یه‌ و ئێمه‌ش ئاماده‌ین
  2024-10-22       243       

عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی هه‌مو هه‌وڵێكی داوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام ئاماده‌یه‌ ڕوبه‌ڕوی هه‌مو سیناریۆكان ببێته‌وه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ری فراوانبونی شه‌ڕه‌كه‌ هه‌یه‌.

ئاوێنه‌: عه‌باس عێراقچی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی دراوسێ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شه‌ڕ و رایگه‌یاند، ئێران شه‌ڕی ناوچه‌كه‌ ناخوازێت، به‌ڵام ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر شه‌ڕێك.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێداگری كرد كه‌ ئه‌گه‌ری فراوانبونی شه‌ڕه‌كه‌ بۆ شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌، جه‌ختیشی له‌ ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌مو سیناریۆكان كرده‌وه‌.

عه‌باس عێراقچی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ به‌حره‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ كوه‌یت و ئێواره‌ی ڕۆژی دوشه‌ممه‌ له‌ مه‌نامه‌ له‌گه‌ڵ شا حه‌مه‌د بن عیسا ئال خه‌لیفه‌ و عه‌بدولله‌تیف بن ڕه‌شید زه‌یانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین كۆبوه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان تاوتوێی "پێویستی هه‌وڵی جدی كرد له‌ لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بۆ ڕاگرتنی تاوانه‌كان و قڕكردنی قه‌واره‌ی زایۆنیستی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×