ئەمریكا داوا دەكات حكومەتی نوێ بە زوویی پێكبهێندرێت
  2024-10-22       260       

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق داوا لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، پشتیوانی لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە زووی بكەن.

ئاوێنه‌: ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق سەبارەت بە تەواو بوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، كه‌ تیایدا هاتووە، وڵاتەكەی پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات بەبۆنەی تەواوكردنی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت: كارمەندانی نوێنەرایەتیمان لە عێراق لە ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ـی تشرینی یەكەم چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد، لە ناوەندە جیاوازەكانی دەنگدان لە ناوچەكەدا، ستایشی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ پابەندبوونیان بە دیموكراسی.

باسی لەوەشكرد، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دانی بەوەدانا كە لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا ڕووبەڕووی كێشە بووەتەوە لە پرۆسەی پشتڕاستكردنەوەی پەنجەمۆردا، داواش لە كۆمسیۆن دەكەین بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا چارەسەری ئەم پرسە بكات.

ڕۆمانۆسكی داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد، پشتگیری گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە زووی بكەن، داواشی لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هێزە ئەمنییەكان كرد كە ڕێز لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن و كۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی دیموكراسیدا بگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕێگە بە هەرێمی كوردستان دەدات كە دامەزراوە دیموكراسییەكانی بەهێزتر بكات و مافەكانی مرۆڤ بەرەوپێش ببات و پاڵپشتی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزكردنی كارەكانی هەرێم بكات.

لە ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ـی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بە پێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی نزیكەی ٣٩ كورسی و یه‌كێتی ٢٣ كورسی و نەوەی نوێ ١٥ كورسی و یەكگرتوو حەوت كورسی و هەڵوێست چوار كورسی و كۆمەڵی دادگەری دوو كورسی و بەرەی گەل دوو كورسی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×