بافڵ تاڵەبانی: دەنگەكانی یەكێتی نزیكەی 200 هەزار دەنگ زیادیان كردوە
  2024-10-21       593       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، ژمارەی دەنگەكانی حزبەكەیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا نزیكەی 200 هەزار دەنگ زیادی كردوەو دەشڵێت، سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، پەیامێكی بەبۆنەی كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، "یەکێتییەکەتان لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد و بەخۆشحاڵییەوە ژمارەی دەنگەکانمان نزیکەی 200 هەزار دەنگ زیادیکردوە، ئەمەش جگەلەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی مێژوییشە تاوەکو هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنتان چڕتربکەینەوە و کاری باشتر و جدیتر لەپێناو هێنانەکایەی کوردستانێکی ئاوەدانتر بکەین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە، لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی زەمینەیەکی تەواو لەبار و گونجاوی بۆ هەمو لایەنەکان رەخساند تاوەکو ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن و بەشێکی گرنگی سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی بن. ئێستاش کە پرۆسەکە بەسەرکەوتویی کۆتاییهاتوە، شانازی دەکەین لە سەرەتاوە بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بوین بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانێکی بێگەرد و دور لە دەستتێوەردان، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵە شکستخواردوانەوە کە ئامانجەکەی بۆ دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بو."

سەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی"سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات، دواجار ویستی نوێبونەوە و دادپەروەری سەرکەوت و ئەرکە گرنگەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات کە ئەویش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، زامنکردنی موچە و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە. بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی بەرامبەر دەنگەکانتان بەرپرسیار دەبێت و ئەو بەڵێنە نادۆڕێنێت کە بە ئێوەی سەربەرزی دابو."

دەقی پەیامەكە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

تێکۆشەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

ئازیزانمان لەهەمو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان

ئەندام و لایەنگرانی سەرجەم هێزە سیاسییەکان

لە قوڵایی دڵمانەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی بەشداریی گەرموگوڕتان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموکراسی لە هەرێمەکان دەکەین و لەبەرامبەر ئەو وێنا گەش و دیموکراسییەی بە کوردستانتان بەخشی، سوپاسگوزارین و هیوادارم هەوڵ و خزمەتەکانی داهاتومان پاداشتێکی گونجاوبێت بۆ دڵسۆزی و بەدەنگەوەهاتنتان. هەروەها بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە پرۆسەکە و بوژانەوەی رۆحییەتی دەنگدان مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، چونکە بڕوای لەمێژینەمان وایە و خۆمان بە سەرمەشقی پاراستنی پایەکانی دیموکراسی و بەرەوپێشبردنی دەزانین و هەڵبژاردنیش فاکتەرێکی بەهێز و گرنگی پرۆسەکەیە.

سوپاسی بێپایانمان ئاڕاستەی جەماوەر و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان دەکەین کە لەم قۆناغی نوێبونەوەی حوکمڕانی و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزاردا لەگەڵمانبون و دەنگدانتان بە یەكێتییەکەتان، شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین. دڵنیاشتان دەکەین هەنگاوەکانمان بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین و بە پشتیوانیی خوای گەورە و ئێوەی خۆشەویست، ئەم کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە دەگاتە ئامانج.

یەکێتییە سەربەرزەکان و هەڤاڵانی خۆشەویستم لەسەرجەم ئۆرگانەکان

وێڕای پیرۆزبایی گەرم و پێزانینی زۆرم، دەستی ماندوبونتان دەگوشم لەبەرامبەر شەونخونیتان بۆ سەرخستن، نوێکردنەوە و گەشەکردنی زیاتری یەکێتییەکەتان کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد و بەخۆشحاڵییەوە ژمارەی دەنگەکانمان نزیکەی 200 هەزار دەنگ زیادیکردوە، ئەمەش جگەلەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی مێژوییشە تاوەکو هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنتان چڕتربکەینەوە و کاری باشتر و جدیتر لەپێناو هێنانەکایەی کوردستانێکی ئاوەدانتر بکەین، بۆیە لە دڵەوە سوپاسگوزاری پەرۆشی و دڵسۆزیتانم. دڵنیاییشتان دەدەینێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامدەبێت لە نوێبونەوە و هێنانەپێشەوەی گەنجە خوێنگەرم و داهێنەرەکانی وڵاتەکەمان بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری حزبەکە و پاشان بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە، لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی زەمینەیەکی تەواو لەبار و گونجاوی بۆ هەمو لایەنەکان رەخساند تاوەکو ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن و بەشێکی گرنگی سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی بن. ئێستاش کە پرۆسەکە بەسەرکەوتویی کۆتاییهاتوە، شانازی دەکەین لە سەرەتاوە بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بوین بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانێکی بێگەرد و دور لە دەستتێوەردان، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵە شکستخواردوانەوە کە ئامانجەکەی بۆ دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بو.

جەماوەری سەربەرزی کوردستان و یەکێتییە دڵسۆزەکان

سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات، دواجار ویستی نوێبونەوە و دادپەروەری سەرکەوت و ئەرکە گرنگەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات کە ئەویش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، زامنکردنی موچە و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە. بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی بەرامبەر دەنگەکانتان بەرپرسیار دەبێت و ئەو بەڵێنە نادۆڕێنێت کە بە ئێوەی سەربەرزی دابو.

لێرەوە سوپاسی زۆرمان بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق و کارمەندە بەڕێزەکانیان، نوێنەری وڵاتان، چاودێران و هێزەکانی ناوخۆ دەنێرین کە رۆڵێکی گرنگیان لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گێڕا و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.

پێکەوە بەرەو داهاتویەکی گەشتر، بەرەو ژیانێکی سەقامگیرتر

هەر شاد و سەرفرازبن

برا و دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×