گۆڕان: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە
  2024-10-21       956       

باژێڕەوانی گۆڕان لەهەولێر ڕایگەیاند، تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە، چونكە زیاتر لە 24 هەزار دەنگمان سڕاوەتەوە، هەروەها دەشڵێت، "پارتی لە هەولێر ساختەكاری ئەنجامداوە، پارتی و نەوەی نوێ پێكەوە سەردانی توركیایان كردوە موئامەرەیەكی گەورەیان لەسەر گۆڕان و یەكێتی كردوە".

ئاوێنە: هێمن شێخانی، باژێڕەوانی گۆڕان لەهەولێر ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە، چونكە زیاتر لە 24 هەزار دەنگیان سڕاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "پارتی لە هەولێر ساختەكاری ئەنجامداوە، ئەو حزبە لەگەڵ نەوەی نوێ پێكەوە سەردانی توركیایان كردوە، موئامەرەیەكی گەورەیان لە گۆڕان و یەكێتی كردوە و چاوەڕێین یەکێتیش هەڵوێستی هەبێت چونکە پلانیش لەسەر ئەوان جێبەجێ کراوە".

هێمن شێخانی باسی لەوەشكرد، "دوێنێ هەڵبژاردنێکی هێمنانەی پڕ فرت و فێڵ بەڕێوەچو، لە بنکەی سەرکەش لە هەولێر هەشت ئەندامی خێزانەکەم دەنگیان داوە بە گۆڕان، بەڵام لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەسەڵات نوسراوە سفر".

ئەوەشی خستەڕو، "نەک تەنیا لەو بنکەیە، بەڵکو لە چەندین بنکەی دیکە کە کاندیدمان خۆی و خیزانیان دەنگیان داوە بە هەمان شێوە بە سفر بڵاوکراوەتەوە، بۆیە داواکارین دەنگەکان بە دەست هەژمار بکرێتەوە و ئەو ئەنجامانە ڕەتدەکەینەوە بەتایبەت لە سنوری بازنەی هەولێر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×