هەپەگە ڕایگەیاند، لە شەش چالاکی گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا لە دژی سوپای تورکیا، لە زاپ، خواکورک و مەتینا دوو سهربازی توركیا كوژران، کامێرایەکی چاودێری تێکشکێندرا، بۆمبێکی ٤٠ کیلۆیی لەناوبراوە و درۆنێکیش خراوەتە خوارەوە.
ئاوێنه: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى چالاکییەکانی گەریلا و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگە لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٠ـی تشرینی یەکەم شەش چالاکییان لە دژی سوپای تورکیا لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی بەهار و جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گردی شەهید هێمن لە هەرێمی خواکورک و گۆڕەپانی بەرخۆدانی شێلازێ لە هەرێمی مەتینا ئەنجام داوە.
هەپەگە ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەی گەریلادا دوو سهربازی توركیا كوژران، کامێرایەکی چاودێری تێکشکێندرا، بۆمبێکی ٤٠ کیلۆیی لەناوبراوە و درۆنێکیش خراوەتە خوارەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٠ـی تشرینی یەکەم تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخودانی گردی جودی جارێک، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم شەش جار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەیدا هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردوە، ١٨، ١٩ و٢٠ـی تشرینی یەکەم لە هەرێمی خواکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەربزنە، شەهید شەریف، لە هەرێمی گارە گۆرەپانەکانی سێدار، دێڕەشە، زێڤکێ، شاخی کون، پیرزۆنا، ڕێبینێ، شاخی زەنگل، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازێ، بێشلی، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار؛ بە گشتی ٢٢ جار لە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، ١٨، ١٩ و٢٠ـی تشرینی یەکەم لە هەرێمی خواکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی شەکیف، شەهید شەریف، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار؛ بە گشتی ٢٤ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردومانکراون.