میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، دوو کرێکاری کوردی خەڵكی شارەكانی شنۆ و مهاباد لەكاتی كاركردندا گیانیان لەدەستدا.
ئاوێنه: میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە گیان لەدەستدانی دوو کرێکاری کورد بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، دوو کریکاری کورد بە ناوەکانی بەهمەن نەبیزادگان خەڵکی گوندی سنگان لە شاری شنۆ و تەها ڕازی خەڵکی گوندی ئۆزنتاش لە شاری مهاباد لەكاتی كاركردندا گیانیان لەدەستدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهمەن نەبیزادگان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی بەسەختی برینداربوو و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەستدا.
دەشڵێن، تەها ڕازی بەهۆی کارەباوە لە کێڵگەی پەلەوەری لە مهاباد گیانی لەدەستدا، كە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز، لە سالی ٢٠٢٣ بەهۆی ڕووداوی کار، دوو هەزار و ١١٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە بریتین لە دوو هەزار و ٩٤ پیاو و ٢١ ژن. ئێران لەبواری پاراستنی شوێنی کار لەنێو وڵاتانی جیهان لە ڕیزبەندی ١٠٢ دایە.