كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێژەی بەشداریكردنی لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، كۆی بەشداریكردن لە دەنگدانەكە 72% بوە.
ئاوێنە: ئەیسەر یاسین، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمشەو یەكشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریی هاوڵاتیانیان لە هەڵبژاردن راگەیاند.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان رایگەیاند: "لە کۆی 98٪ـی داتاکانمان؛ لە دهۆک رێژەی بەشداریی 78٪؛ هەولێر 74٪؛ سلێمانی 65٪ و هەڵەبجەش 69٪ بو، کە بە کۆی گشتیی دەکاتە 72٪ـی بەشداریی کردن لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن."
هاوکات نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ سەعات 06:00ـی ئێوارە بە سەرکەوتویی پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی هات، تەنیا چەند کێشەیەکی بچوکی تەکنیکی هەبون کە سەرجەمیان چارەسەر کران. ئێمە زۆرسوپاسی هێزەئەمنییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە زۆر هاوکار و هاوئاهەنگمان بون لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە بە سەرکەوتویی."
ئاماژەی بەوەشدا، سبەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنن.
ئەوەشی خستەڕو، سبەی سندوقەكانی سكاڵا لە بنكەكانەوە دەگەنە لایان و وتیشی، لەسەدا 100 ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گەیشتۆتە بەغدا.