فازڵ میرانی: ئینشائەڵڵا ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە
  2024-10-20       265       


فازڵ میرانی ڕایگەیاند: ''ئەوانەی بۆ هەڵبژاردن دروشمی زبر بەکاردەهێنن، دواتر لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین.

 ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا: ''سەرکەوتنی دیموکراسی و شەرافەتی رکابەری لەوەدایە کە چەندە لە واتای دیموکراسی تێگەیشتووین، چۆن خاوەندارێتیی (تەبەننی) دەکەین و چۆنی بەڕێوەی دەبەین، ئەوانەی بۆ هەڵبژاردن دروشمی زبر بەکاردەهێنن، دواتر لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین، و ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە، ئینشائەڵڵا.

دەشڵێت: ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە ئینشائەڵڵا؛ لام سەیرە وشەی ئینشائەڵڵا بەکارناهێنن، تەنانەت برایانی ئیسلامییش بە ئینشائەڵڵاوە ناڵێن بەسە یان دەیگۆڕین؛ ئینشائەڵڵاکەمان لەبیرچووە و ئەمە باش نییە، چونکە هیچ شتێک بەبێ ئینشائەڵڵا ناکرێت.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای لە رۆژنامەڤانان کرد کە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە رووماڵی هەڵبژاردن بکەن.

وتیشی: لە هەموو جیهاندا پیشەی راگەیاندن لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیدایە، هەندێک کات ئەمە بە کەمی لە راگەیاندنەکانی خۆماندا دەبینم و تووڕە دەبم.
فازڵ میرانی ئەوەشی وت: ئێمە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەڵبژاردن دەکەین کە بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام هەمووی دیموکراسی نییە، دیموکراسی واتایەکی گشتیی هەیە کە هەر وڵاتێک بەپێی سیستەمی خۆی جێبەجێی دەکات (پڕاکتیزەی دەکات).

فازڵ میرانی ئاماژەی بە دروشمی زبری هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد و گوتی، ''دەبینین دروشمی جیاجیا هەیە، یەکێک دەڵێت دەیگۆڕین، بەڵام ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردنە دەیگۆڕێت، خۆ هیچمان بە شۆڕش نەهاتووین کە بە شۆڕش بگۆڕدرێین. ئەم زمانە زبرە بزووتنەوەی سیاسی دوور دەکاتەوە لە کولتوور، ئەدەب و پەروەردەی کورد و کوردستان کە پێمناخۆشە.''
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوانەی ئێستا دروشمەکانی بڕووخێنین، بار بکەن بڕۆن، دەیگۆڕین و بەسە دەڵێنەوە، سبەی لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین، خۆ کەسمان بار ناکات لەو وڵاتە بڕوات؛ ئێمە براش نەبین، هاوبەشی یەکدیین.''

ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی تشرینی یەکەم ڕۆژی دەنگدانی گشتیە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×