یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 48 کاتژمێری رابردوودا، ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد، "سوپاس بۆ خوا لە کاتی دەستپێکردنی تا ئەم ساتە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیچ جۆرە کێشەیەک بوونی نییە."
ئاوێنه: نەبراس ئەبوو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ 20ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر 7:00 بەیانی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و بنکەو وێستگەکان کراونەتەوە بە ڕووی دەنگدەراندا بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارە پرۆسەکە تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە بەردەوامی هەبێت لە دوای ئەو وادەیە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی سندوقەکانی دەنگدان دادەخرێن."
سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نەبراس ئەبوو سۆدە وتی: ئەنجامە سەرەتاییەکانیش دوای 24 کاتژمێر بە فەرمی لە لایەن کۆمیسیۆنەوە رادەگەیەندرێت.