2024-10-20   263     
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل داوا لەهاونیشتمانییان دەکات بەبێ ترسو دوودڵی بچن دەنگبدەن، دهشڵێت:"باوەڕم بەسیاسەتی چەپکە گوڵەکە هەیەو سندوقەکانی دەنگدانیش وەک ئینجانەی گوڵ وانو هەموو جۆرە گوڵێکیان تێدایە".
ئاوێنه: لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل دواى دهنگدانى لەسلێمانی بۆ ڕۆژنامهنوسان قسهیكردو وتى:"ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوییەو بۆنەیەکی نیشتمانیی گرنگە، سندوقەکانی دەنگدان وەکو ئینجانەی گوڵ وانو هەموو جۆرە ڕەنگێکیان تێدایە، ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسییەو من خۆم حەزم بەسیاسەتی چەپکە گوڵەکەیەو پارێزەری ئەو دیموکراسییە دەبم".
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل هانی خەڵکیدا کە بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی چوار ساڵی داهاتویان لەم پرۆسە گرنگەدا بەشداربن، بۆ هەموو ئەوانەشی دوودڵن دەڵێم، جوان خۆیان بگۆڕنو ئازادانەو بەبێ ترس لەم پرۆسە گرنگەدا بەشداربن".
سهبارهت بهوهى هەندێک لایەن لەهەندێک شوێن گلەییان لەدەنگدانی تایبەت هەبوو، لاهور شێخ جەنگی جهختیكردهوه، "سەرەڕای ئەوەی لەدەنگدانی تایبەتدا هەندێک پێشێلکاری ڕویدا، هیوادارین ئەمڕۆ پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێتو هاوڵاتییان بتوانن ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن".
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەتی بڵاوکردەوە، ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگ سوتێندرابون، لەوبارەیەوە سەرۆکی بەرەی گەل وتی، "ئێمە ئەوانەی بایکۆت دەکەن بەدەنگی خۆمانیان دەزانین، دەنگە سوتاوەکان زۆربەیان هی ئێمەنو ئێمە پەیوەندیمان بەهێزی پێشمەرگەوە هەیە، نەیانتوانیوە دەنگ بەئێمە بدەن، چونکە بەرپرسی سەربازییان لەگەڵ بوەو ناچاریانکردون دەنگ بەلایەنێکی دیاریکراو بدەن، ئەوانیش لەڕقو تۆڵەسەندنەوەدا دەنگەکانیان سوتاندوە".
بهشێك لهلایهنه سیاسییهكان لەدەنگدانی تایبەتدا باسیان لەوەدەکرد، ڕێکارەکان توندوتۆڵ نەبونو لەهەندێک بنکەی دەنگداندا دەنگدەران مۆبایلیان بردوەتە ژورەوەو وێنەی دەنگەکانیان گرتوە، بۆ ئهوهش سهرۆكى بهرهى گهل وتی، "بەداخەوە پێموایە پێرێ کۆمسیۆن تۆزێک دەستی شل کرد بۆ بردنە ژورەوەی مۆبایل".
لەبارەی ئەگەری ساختەکاریشەوە ئەوەیخستەڕوو، "ئەگەر بەڵگەمان لەبەردەستدابێت کە ساختەکاریی هەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ڕەتدەکەینەوە، ئەگەریش پرۆسەکە بەدیموکراسییانە بەڕێوەبچێتو ئەنجامەکەی بەدڵی ئێمە نەبێت، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییەو بەسندووقەکانی دەنگدان ڕازیینو قبوڵی دەکەین".
سهبارهت بهوهش ئاخۆ دوای هەڵبژاردنو ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ئایا دەچنە حکومەتەوە یان دەبنە ئۆپۆزسیۆن، لاهور شێخ جەنگی وتی:"ناڵێین دەچینە حکومەتەوە یان دەبینە ئۆپۆزسیۆن، یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکدا دەکەین، ئەمە لێدەگەڕێین بۆ دوای هەڵبژاردنو ئەنجامەکان".