جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی كۆتاییپێهێنانه به‌وانه‌ی كه غه‌دریان له‌م میلله‌ته كردووه"، ده‌شڵێت: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌د له سه‌د گۆڕانكاری دروست ده‌كات".
ئاوێنه: قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له خوێندنگه‌ی ره‌وشه‌ن به‌درخان له سلێمانی ده‌نگی دا و دواتر بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: "هیوادارم ده‌نگده‌ران به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ده‌نگ بده‌ن به‌و لایه‌نه‌ی ده‌توانێت باشترین خزمه‌تگوزاری به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكات، پێموایه ئه‌م كوردستانه به‌لای كه‌مه‌وه 129 كێشه‌ی هه‌یه كه پێویستی به چاره‌سه‌ره".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "هیوادارم كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه و دڵنیام خه‌ڵك سه‌ربكه‌وێت، حزبه‌كه‌ی منیش سه‌رده‌كه‌وێت".
وتیشی: "پشت به‌خوا و ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان رێڕه‌وی حوكمڕانیمان پێ راست ده‌كرێته‌وه و دوای هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ست پێده‌كات".
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران باسی له‌وه‌شكرد كه "گله‌ییم له ده‌نگدانی تایبه‌ت نییه و پێموایه پرۆسه‌یه‌كی باش رۆیشتووه و ئه‌نجامه‌كانی باش و روونن".
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی "پارتی دیموكراتی كوردستان ره‌خنه‌ی له ئه‌نجامی ده‌نگدانی تایبه‌ت هه‌یه"، قوباد تاڵه‌بانی به پێكه‌نین وه‌ڵامی دایه‌وه.
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا چی ده‌ڵێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له ده‌نگدانی تایبه‌ت له هه‌ولێر پێشێلكاری زۆر كراوه، قوباد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "ئیتر هه‌ولێره و ئێمه بۆیه ده‌ڵێین ده‌بێت رێڕه‌وی حوكمڕانی راست بكه‌ینه‌وه"
قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌د له سه‌د گۆڕانكاری دروست ده‌كات".