لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو لهبهشێكیدا هاتووه، "هەموو ئەو ژمارە هەڵەو بێ بنەمایانە ڕەتدەکەینەوە کە لایەنێکی سیاسی ناڕاستگۆیانە بۆ چەواشەکردن بڵاویکردوونەتەوە."
ئاوێنه: ئهمڕۆ شەممە، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئاگاداری جەماوەری خۆشەویستی کوردستان دەکەین کە بەشی هەڵبژاردنی پارتیمان لە چوارچێوەی ئەرکەکانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە هۆبە و سەنتەری داتا و زانیارییەکانیدا بە پشتبەستن بە شریتی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستی دەنگی وێستگەکانی هەڵبژاردن، تەواوی وردەکاری و ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی هەینی ١٨ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ئەنجامدرا بە سیستمێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو کۆکردۆتەوە و بەردەستن، بەڵام وەکوو پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان و، پاراستن و ڕێزگرتن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکان دەکەین لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی پارتیمان بۆ دەنگدەرانی تایبەت دووپات بکەینەوە کە بە ڕێژەیەکی بەرز و یەکلاکەرەوە وەکوو هەمیشە باوەڕ و متمانەی خۆیان بە پارتیمان بەخشییەوە، هاوکات هەموو ئەو ژمارە هەڵە و بێ بنەمایانە ڕەتدەکەینەوە کە لایەنێکی سیاسی ناڕاستگۆیانە بۆ چەواشەکردن بڵاویکردوونەتەوە.
پارتیمان پشتئەستوور بە ئەندام و لایەنگران و جەماوەر و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان، سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێت و، بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکانی کۆتایی پڕۆسەکە بەهێزترین وەڵام دەبێت بۆ چەواشەکاران.