هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس دەڵێت: ئەگەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەتوانێت ئەو پێشێلکارییانەی ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەت رویانداوە بنڕ بكات، ئەوا لە دەنگدانی گشتیی دۆخەکەی لەدەست دەردەچێت.
ئاوینە: هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ هەینی، بە میدیای پارتی "تائێستا هیچ حاڵەتێکی وا روینەداوە کە وابکات پڕۆسەکە پەکی بکەوێت، کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگدەران لە وێستگەکان وایکردوە پڕۆسەکە خێراتر بێت، بەڵام چەند حاڵەتێکی پێشێلکاری لە ناوچە جیاجیاکان تۆمارکراون."
رێکخەری تۆڕی شەمس، باسی لە جۆرەکانی پێشێلکاری کرد و وتی:"سێ جۆر پێشێلکاری هەن، جۆری سەوز زۆر کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە نابێت و رێکاری ئیداریی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. پێشێلکاری جۆری زەرد، ئەو پێشێکارییانەن کە دەبێت رێگرییان لێبکرێت و رێکاری یاساییشیان بەرامبەر بگیرێتەبەر. جۆری سوریش، نهێنی پاراستنی دەنگ؛ ناچارکردنی دەنگدەر بە دەنگدان بە لایەنێک یانیش ئاشکراکردنی دەنگی دەنگدەر و ساختەکاری."
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس وتیشی"تائێستا هیچ حاڵەتێکی وا روینەداوە کە وابکات پڕۆسەکە پەکی بکەوێت، کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگدەران لە وێستگەکان وایکردوە پڕۆسەکە خێراتر بێت، چەند پێشێلکارییەک هەبوە لەوانە بونی پۆستەر لە نزیک بنکەکانی دەنگدان و دابەشکردنی کارتی بانگەشەی حیزب و بەربژێرەکان، کە دەبێت هێزەئەمنییەکان ئەوانە دوربخەنەوە."
ئاماژەی بەوەشدا"ئەوانەی دەچنە بازنەی پێشێلکاری، تائێستا 61 حاڵەتمان تۆمارکردون، لە بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەوڵدان بۆ تۆماری دەنگ، کە لە ئەوانە لە دەرەوەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنن، ئەو حاڵەتانەمان لە هەڵەبجە، سۆران و شەقڵاوە و شوێنی دیکەش هەبون."
وتیشی"ئێمە ئەوانەمان بە بەڵگەی وێنە لەلایە و هاوئاهەنگیشمان لەگەڵ کۆمیسیۆن هەیە، ئەو قسانەی دەیکەم هەمویمان بۆ کۆمیسیۆن ناردوە، لە هەندێک شوێن کۆمیسیۆن دەستبەجێ هاتون بۆ چارەسەری کێشەکان، راستە ئێمە مافی سکاڵامان نییە بەڵام ئەوەندەمان لەسەرە بیگەیەنینە کۆمیسیۆن."
هۆگر چەتۆ جەختیشی كردەوە "ئەگەر لەم دەنگدانەی تایبەت کۆمیسیۆن نەتوانێت پێشێلکارییەکان بنبڕ بکات و کۆنتڕۆڵیان نەکات، لە دەنگدانی گشتیی دۆخەکەی لەدەست دەردەچێت، ئینجا ئاشکراکردنی دەنگ هێڵی سورە و وادەکات سەرجەم دەنگی ئەو بنکەیە هەڵبوەشێندرێتەوە."