رەوتی هەڵوێست: مامۆستا عەزیز بلكیانی رفێندراوەو بە زۆرەملێ ڤیدیۆیەكی پێكراوە
  2024-10-18       805       

رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی رایگەیاند، مامۆستا عەزیز بلكیانی، كاندیدی لیستەكەیان لە سلێمانی، رفێندراوەو بە زۆرەملێ ڤیدیۆیەكی پێكراوە.

ئاوێنە: سەردار قادر، وتەبیژی هەڵویستی نیشتیمانی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"کاندیدی بەڕێزی ئێمە مامۆستا عەزیز بلکیانی ژمارە 11 لە بازنەی سلێمانی رەوتی هەڵوێست لە بەیانی زوی ئەمڕۆەوە رفێندراوەو کەسوکاری بەڕێزی ئاگاداریان کردوین ئازاری جەستەیی دراوەو ڤیدیۆیەکی زۆرە ملێی پێکراوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "سەلامەتی ژیانی مامۆستا عەزیز ئەخەینە سەر دەزگاکانی حکومەت و دەسەڵاتی پێنجوێن و لە رێگای یاسایی شکاتی خۆمان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆمار ئەکەین.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست هەمان هەواڵ پشت بەست بە تۆمارێكی دەنگی كە تێیدا كچێك قسەدەكات و دەڵێت، مامۆستا عەزیز بلكیانی باوكم لەلایەن یەكێتییەوە رفێندراوەو هەڕەشەی ئەوەی لێكراوە كە بكشێتەوە.

دوابەدوای ئەوە مامۆستا عەزیز بلكیانی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و كشانەوەی خۆی لە كاندیدبون راگەیاندو وتیشی: لە ئەمڕۆوە پشتگیری لە بەرنامەو سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم و هیچ پەیوەندییەكم بە لیستی هەڵوێستەوە نەماوە.

 

دوابەدوای ئەوەش مامۆستا عەزیز بلكیانی لە پەیامێكی دیكەی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ئەو هەواڵانەی رەتكردنەوە كە باس لە رفاندنی لە لایەن هێزێكی یەكێتییەوە دەكەن و وتی"ئەو قسانە زۆر زۆر دورن لە راستییەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×