وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەنێت
  2024-10-17       325       

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندی تەکنیکی وەزارەتەکەیان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو و ئەمڕۆش خشتەی مووچە ڕادەگەیەندرێت.

ئاوێنە: بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕابگەیەندرێت و ڕوونیشیکردەوە کە بڕی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە  نزیکەی 800 ملیار دینارە و نزیکەی 197 ملیار کورتهێنانی هەیە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند، ماوەی سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون لە شاری بەغدان و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەکانی بودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە شاندەکە بەشی زۆری کێشەکانی لیستی مووچەیان چارەسەر کردووە، کە خۆی لە تێبینیەکانی نەبوونی بایۆمەتری و ناوی هاوشێوە و کێشەی بایۆمەتری و وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێم لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەبینێتەوە.

لە ڕاگەیەندراەکەدا هاتووە کە دوێنێ چوارشەممە، بەغدا 109 ملیار و 663 ملیۆن و 329 هەزار دیناری وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمموز و ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچە خۆرانەی ناویان لەیەکچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابوو ناردووە.

وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، شاندەکەیان لە بەغدا دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مووچە ڕاگیراوانەی تر کە بریتییە لەمووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمن و لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لەدەرماڵەو سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێم لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکەیانی جێبەجێکردووە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×