ئا: پەیام نەجمەدین
کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنە، کاندیدو لایەنە سیاسییەکان بەمەبستی سەرکەوتنو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، بەڵێنی هەمەجۆرو زۆر گەورە دەدەن، کە هێنانەدی مەحاڵە، کاندیدێک دەلێت "پێشترئەوەندە بەڵێنی گەورە دراوەو جێبەجينەکراوە، هاوڵاتی متمانەی بەکاندید نەماوە".
پەیوەند عومەر، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری پێیوایە کە کاندیدی پەڕلەمان دەبێ بەڵێن بدات، بەڵێندان نەک ئاساییە بەڵکو پێویستیەکی سەرەکی کاندیدی پەڕلەمانە، ئەو بەئاوینەی وت "کاندیدی بێ بەڵێن کەسێکی بێ ئیلتیزامە، بۆ ئەوەی کاندیدێک پەیوەست بێت بەخەڵکەوەو بەژیانی گشتیەوە دەبێ بەڵێن بدات. بەڵێن شتێکە لەنێوانی کاندیدو خەڵکدا، ئەو بەڵێنە تەوقێکە لەگەردنیدا، پەڕلەمانتار نوێنەری خەڵکە، خەڵک دەنگ بە بەڵێنو بەرنامەکەی دەدات. خەڵک دەتوانێ لەپەرلەمان بپرسێتەوە لەسەر ئەو بەڵێنانەی کە داویەتی".
وتیشی "بەڵام کێشەکە ئەوەیە "هەندێک لەکاندیدەکان پەیمانێک دەدەن کە هی حکومەتە، نەک پەڕلەمان، هی وەزیرە نەک پەرلەمانتار، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە چونکە دوایی نەک نایەتەدی بەڵکو هیچی لێسەوز نابێتو دەچێتە خانەی درۆو چەواشەکارییەوە، درۆ ئەوەیە کە بەڵێنێکیان پێبدەی جێبەجێ نەکرێ".
لەساڵانی رابردوودا کاندیدو لیستەکان ئەوەندە بەڵێنی گەورەیان داوەو گفتەکانی پێشوویان بەریکۆردکراوی ئەرشیف کراوەو هیچی جێبەجێ نەکراوە، ئێستا خەڵک بەئاسانی باوەڕ بە بەڵێنەکان ناکات.
دڵسۆز زەنگەنە، کاندیدی بەرەی گەل رای وایە کە نابێت بەڵێنی گەورە بدرێت، چونکە جێبەجێ ناکرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بۆ نمونە کاندید هەیە دەڵێ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکەین! بەگەنجان دەڵێن داتاندەمەزرێنین! کەتوانای ئەوەیان نییەو بەداخەوە کاندیدەکان یان زۆر ئاگایان لەبابەتەکان نیە، یاخود دەیانەوێ خەڵک فریوو بدەنو تەنها دەنگ کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی دەربچن".
وتیشی "کە کاندیدەکان کۆمەڵێک بەڵێنی گەورە دەدەنو ناتوانن جێبەجێی بکەن، گرفتی گەورەیە بۆ کاندیدەکانی تر دروستدەکەنو وادەکات کۆمەڵگاش متمانەی نەبێت بەکاندیدەکان، ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە".
دڵسۆز ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەی کوردی زیاتر چاوی دەبینێتو گوێی دەبیستێتو پێیوایە هەموو کاندیدەکان یەک بابەتن، ئەو وتی "گرنگترین شت بەلای منەوە وەک کاندید ڕاستگۆبوونە، ڕاستگۆیی لەزۆر شت گرنگترە".
بەشێک لەکاندیدەکان پێیانوایە کە هەموو ئەوانەی دەبنە کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەڕووی هوشیاری سیاسییەوە ئاستی پێویستدا نینو ئەمەش بێ متمانیەیی بەرامبەر بە بڵێنی کاندیدەکان دروستکردووە.
فائیزە عەلی، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی ئەوە رووندەکاتەوە کە هەندێک لەبەڵێندانی کاندیدەکان لەنەزانینیانەوە سەبارەت بەکاری پەرلەمنتاریی، ئەو بەئاوێنەی وت "پێشترئەوەندە بەڵێنی گەورە دراوەو جێبەجينەکراوە، هاوڵاتی متمانەی نەماوە بەکاندید کە بەداخەوە تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر بووە ئەمەش خۆڵکردنە چاوی خەڵکەو نابێ وابێ".
وتیشی بۆیە کار گەیشتووە بەوەی خەڵک دەڵێن بۆچی دەنگیان پێبدەین، هەر بۆگیرفانی خۆیانە، گرنگە کاندید لەبواری پسپۆڕی خۆی قسەو پڕۆژەی هەبێت نەک لەسەرهەمووشتێک قسەبکات، ئاواهەم خزمەت بەخەڵک دەکات هەمیش بەخودی خۆی".
هەروەها کانی مەولود، کاندیدی بەرەی هەڵوێسست ئاماژە بەوە دەکات کە هەر کاندیدیک ئەو بەڵێنەی بەخەڵکی دەدات خۆی دەزانێ بەڵێنەکەی لەچی سەرچاوە دەگرێو بەڵێنەکەشی بەپێی ڕاستگۆییو لێهاتوییو دڵسۆزیو دەستپاکی کاندید دەگۆڕێت، ئەو بەئاوینەی وت "هەندێک کاندید بەڵێنێک دەدەن لەتوانای پەرلەمانتاریدا نییە، ئەمەش بۆ بردنی دەنگی خەڵکە".
لەبەدواداچونێکی مەیدانی ئاوینەدا لەناو خەڵک سەبارەت بە بەڵێنی کاندیدەکان، زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی ئاوێنە دواندنی، باوەڕیان بە بەڵێنی کاندیدەکان نەبوو، پێیانوابوو هەموو ئەوەی لەم بانگەشەیەدا دەیڵێن بۆ کۆکردنەوەی دەنگەو چارەسەری کێشەکانی مووچەو بێکاری گەنجانو نەبوونی هەلی کارو هەژاریو تەندروستیو پەروەردەو پلە بەرزکردنەوەو دانەوەی پاشەکەوتو کرێچێتیوکارەبایان پێناکرێو هیچ گۆڕانکارییەکیان بەئاڕاستەی باشتر کردنی ژیانی خەڵکدا پێناکرێو تەنها ژیانی تایبەتی خۆیان دەگۆڕن.
میدیاکان سەرچاوەی بانگەشەی سەرەکین بۆ کاندیدو لایەنە سیاسییەکانو ئەو بەڵێنە گەورانە دووپات دەکرێتەوە کە بەخەڵکو دەنگدەری دەدەن، پسپۆڕانی بواری میدیاش دەڵێن دەبێت میدیا شتانێک بڵاونەکاتەوە کە زیانی بۆ کۆمەڵگە دەبێت.
د. یەحیا عومەر ڕێشاوی، مامۆستای زانکۆ لەبەشی ڕاگەیاندن بەئاوێنەی وت "لەهەرێمی کوردستان میدیاکان دابەش بوون بەسەر حزبو لایەنە سیاسیەکاندا، حزبە سیاسیەکانش بانگەشە بۆ خۆیان دەکەنو بەردەوام بەڵێن دەدەن بەخەڵکو دەنگدەرانیان ئەوەی حزبێکی سیاسیە ڕێگەی لێناگیرێت، ئەسڵەن میدیای حزبی سیاسی بۆ ئەوە دامەزراوە بانگەشە بۆ حزبە سیاسیەکەی بکات لەکاتی ئاسایی. ئەی ئەگەر کاتی هەڵبژاردن بوو بانگەشەکە خەستتر دەبیتەوەو زیاتر بانگەشە دەکات. بۆیە دەچێتە ئاستی پڕوپاگەندەکردن بۆ خۆی".
ئەمە لەکاتێکدایە کە یاسای عێراقی سزای ئەو کەسانە دەدات بەڵێنی ناڕاست دەدەن بە بەرامبەر.
پارێزەر عەلی گردەسۆری لەمبارەوە بەئاوینەی وت "ئەگەر کاندیدێک بەڵێنی بەکەسێک یان کۆمەڵە کەسێک داو جێبەجێی نەکرد، ئەمە لەیاسادا دوو حاڵەتە. حاڵەتی یەکەم ئەگەر نییەتی ئەوەبێت فێڵ لەو خەڵکەی بکات یان بیانخەڵەتێنێ یان درۆیان لەگەڵ بکاتو لەبنەڕەتدا ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نابن یان خۆی دەزانێت ئەو کارەی بۆ جێبەجێ ناکرێتو خۆشی دەزانێت بۆی ناکرێت، ئەوا ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بەسەردا جێبەجێ دەبێتو یاسا دەتوانێت سزای بدات".
وتیشی "یان ئەگەر لەتوانایدا ببێت جێبەجێی بکاتو نەیکرد، ئەوە ئەگەر سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت ئەوە دادگا دەتوانێت سزای بدات".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.