"چاوه‌ڕوانده‌كرێت سبه‌ی‌ به‌غدا گوژمه‌یه‌ك پاره‌ی‌ دیكه‌ بۆ هه‌رێم بنرێت"
  2024-10-12       577       
"بەئەگەری زۆرەوە، ڕۆژی سێشەممە دابەشكردنی موچە دەستپێدەكات‌"


چاوه‌ڕوانده‌كرێت سبه‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ده‌وام، وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق گوژمه‌یه‌ك پاره‌ی‌ دیكه‌ بۆ موچه‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم بنرێت.

ئاوێنه‌: ماڵپه‌ری‌ (بغداد الیوم) له‌زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، "تەواوكاریی ئەو كورتهێنانەی لەپارەی تەرخانكراو بۆ موچەی مانگی 9 (ئەیلول)ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هەرێمی كوردستان هەیە، سبەی یەكشەممە، دەخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان."

سەرچاوەكە دەڵێت، "بەمزووانە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی موچە بڵاودەكاتەوەو بەئەگەری زۆرەوە، ڕۆژی سێشەممە دابەشكردنی موچە دەستپێدەكات‌و لەماوه‌ی‌ سێ ڕۆژدا كۆتایی دێت."

هه‌رچه‌نده‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ 10 -ئۆكتۆبه‌ر- نزیكده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان موچه‌ی‌ مانگی‌ 9ی‌ دابه‌شنه‌كرووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق نزیكه‌ی‌ ترلیۆنێک دیناری بۆ موچەی مانگی 9ی موچەخۆرانی هەرێم ناردووە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ رێباز حەملان، یاریدەدەری مه‌سرور بارزانی‌ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "ئەم هەفتەیە دەستبەدابەشکردنی موچەی مانگی 9 دەکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×