جڤاتی نیشتیمانی: دانا ئەحمەد مەجید بەهیچ شێوەیەک ڕێکخەری گشتی نیە
  2024-10-12       1038       
به‌شێك له‌ئه‌ندامانی‌ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ده‌ڵێت، "دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نیە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانونی و داتاشراودا.  لە (بە ناو) کۆبونەوەی (بە ناو) جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژی چوار شەممە ٩ی ١٠ی ٢٠٢٤ لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەست هەڵبڕینەوە! لەو کۆبونەوەدا تەنیا (١١) کەسیان لە کۆی (٣٢) ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین."


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:


‎هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازانی خۆشەویست،

بەهۆی بەردەوامبون لە لادان و پێشێلکاری دەستوری و قانونی، لە بەکارهێنانی ناوی بزوتنەوەی گۆڕان، بە تایبەت جڤاتی نیشتیمانی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساختە بۆ رێکخەری گشتی, ئەم حەقیقەتە بەڵگەنەویستانە بۆ هەمووان ئەخەینەڕوو:

1. هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستوری ناوخۆ رون و رەوان دیاری کردووە. ژوری هەڵبژاردن رۆژی هەڵبژاردن دیاری ئەکات، ماوەی خۆ کاندیدکردن رائەگەیەنرێ، ژوری یاسایی کاندیدەکان پەسەند ئەکات و لە دەنگدانی نهێنیدا بە ئامادەبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام ئەدرێ. نەک بە دەست هەڵبڕین!

هەر کات هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستور و بەشێوەیەکی قانونی ئەنجام درا بۆ هەموو پێگەکان زیاتر لە کاندیدێک هەیە بە تایبەت رێکخەری گشتی.

2. دانا ئەحمەد مەجید بە هیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نیە چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی تری ناقانونی و داتاشراودا.  لە (بە ناو) کۆبونەوەی (بە ناو) جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژی چوار شەممە ٩ی ١٠ی ٢٠٢٤ لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەست هەڵبڕینەوە! لەو کۆبونەوەدا تەنیا (١١) کەسیان لە کۆی (٣٢) ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین.

3. هەڕەشە کردن و پەلاماردانی هەڵسوڕاوی دیار و ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان (هۆشیار اسماعیل علی) ناسراو بە (هۆشیار شێرکاوەیی) لەلایەن (زانا دانا ئەحمەد مەجید) کە سنوری ئەخلاق و قانونی بەزاندووە قبوڵ کراو نیە. کردەوەیەکی قێزەونە. نامۆیە بە هەموو ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. پشتیوانی تەواوی خۆی و خێزانە بەڕێزەکەی ئەکەین. ئەوانەی پەنا ئەبەنە بەر هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دژی بنەما ئاکارییەکانی کوردبوون و گۆڕان بوونن. تەنیا نەفرەتی خەڵک و گۆڕانخوازانیان بۆ ئەمێنێتەوە.

‎جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە. پێویستە تەواوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان پابەندی دەستور و جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوبن.

‎جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان

‎12ـی10ـی 2024

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×