دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم لە پشكی گۆڕان رایگەیاند، ئەو دو بڕیارەی لە چەند رۆژی رابردودا بەناوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دراون پوچەڵن پابەند نابن پێیانەوە. دەشڵێت، هەمومان هاوڕابوین لەسەر ئەوەی كە دانا ئەحمەد مەجید ببێتە رێكخەری گشتی بەڵام بەپێی رێكارە دەستوری و یاساییەكان نەك بەشێوازێكی نادەستوری و نایاسایی.
ئاوێنە: دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم لە پشكی گۆڕان، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێك بدات، من وەك وەزیری ئاوەدانكردنەوەو سەرۆكی تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان سەد لە سەد پابەندم پێوەی، بەدەر لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو، هیچ كەسێكی تر مافی بڕیاردانی نییە بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە.
وتیشی، رۆژی 9ی ئەم مانگە كۆبونەوەیەك كراوە بەناوی جڤاتی نیشتمانییەوەو تێیدا دو بڕیاریان داوە كە هەردو بڕیارەكە پوچەڵن و كاریان پێ ناكرێت.
ئەو دو بڕیارەی كە دانا عەبدولكەریم دەڵێت، پوچەڵن و كاریان پێ ناكرێت، وەك پێشتر لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و دانا ئەحمەد مەجید خرانەڕو، بریتین لە؛ متمانەدان بە دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و هەروەها كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی خۆجێیی.
دانا عەبدولكەریم لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا وتی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان 32 ئەندامی هەن لە كۆی ئەو 32 ئەندامە تەنیا 11 كەسیان لە كۆبونەوەی رۆژی 9ی ئەم مانگەدا كە لە مەكۆ جیابوەكە بەڕێوەچوە، ئامادەبون. وتیشی"خەڵكی تریان بردوە وەكو جڤاتی نیشتمانی دایانناوە."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دانا عەبدولكەریم وتی"ئێمە لە سەرەتای هاتنەوەی دانای ئەحمەد مەجید هەمو لایەكمان هاوڕابوین لەسەر ئەوەی ئەو ببێت بە رێكخەری گشتی بەڵام بەپێی رێكارە دەستوری و یاساییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەك بەشێوازێكی نادەستوری و نایاسایی."
ئەو رەتیشیكردەوە كە لە چەند رۆژی رابردودا هیچ گرژی و ئاڵۆزییەك لەنێوان خۆی و دانا ئەحمەد مەجید روی دابێت.