سودانی و كۆمسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە
  2024-10-12       351       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەو سودانی داوا دەكات كۆمسیۆن و كارمەندانی تەواوی هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ گەرەنتیكردنی پاراستنی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرددا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی كردوە لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئەم مانگە كراوە لەگەڵ گفتوگۆ كردن لەبارەی تەواوكردنی سەرجەم رێوشوێنە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە كە بە هەڵبژاردنێكی گرنگ ناوبراوە.

سەرۆك وەزیران جەحتی لە پشتیوانی حكومەت كردۆتەوە بۆ هەوڵەكانی كۆمسیۆن و دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی هەڵبژاردنەكەو جەختیشی لەوە كردۆتەوە كە گرنگە كۆمسیۆن و كارمەندانی تەواوی هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ لە رەچاوكردنی بێلایەنی و شەفافیەت بەشێوەیەك كە گەرەنتی پاراستنی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرددا بكات بۆ هێنانەدی خواستی هاوڵاتیانی هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×