كەجەكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەم بۆ باشوری كوردستان هەم بۆ سەرجەم كوردستان بە "گرنگ" ناودەبات و داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە 20ی تشرینی یەكەم، هەڵوێستی بەهێز لەدژی "هێڵی خیانەت و هاوكاری" نیشان بدەن و پشتیوانی لە هێزو كاندیدە وڵاتپارێزەكان بكەن.
ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە، ئەمڕۆ شەممە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە كە بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"لە قۆناغێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی گرنگی تێدا ڕودەدات، هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەمە هەم بۆ باشوری کوردستان و هەم بۆ سەرجەم کوردستان گرنگە."
كەجەكە لە راگەیەندراوەكەیدا جارێكی دیكە هێرشی كردۆتە سەر پارتی و بارزانییەكان و بە "هێزێک کە پێشەنگی بۆ هێڵی هاوکاریی و خیانەت دەکەن" ناوی بردون، ئەوەش نەك "نەک تەنیا لە باشوری کوردستان، بەڵکو لە هەمو پارچەکانی کوردستان."
بەبڕوای كەجەكە "زۆر گرنگە کە گەلەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ـدا لە دژی هێڵی خیانەت و هاوکاری هەڵوێستێکی بەهێز نیشانبدەن. گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەبێت پشتگیریی هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکان، دیموکرات و نەتەوەییەکان بکەن و بەپێی ئەمانە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات."
ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن "بۆ ڕزگارکردنی باشوری کوردستان و سەرجەم کوردستان لە چنگی داگیرکاریی و جینۆساید و بۆ پێشخستنی سیستەمێکی دیموکراتی و ئازادییخواز، زۆر گرنگ دەبن."
دەشڵێت"دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتییەكان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن."