كاروان یاروه‌یس: تیمه‌كانمان له‌ به‌غدا راسپاردوه‌ ڕێكاره‌كان بۆ ته‌وتینكردنی‌ موچه‌ له‌ بانكه‌ فیدڕاڵییه‌كان بگرنه‌به‌ر
  2024-10-12       345       

كاروان یاروەیس، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمه‌ڵێك ڕێگه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن ڕێگری له‌ هه‌ژماری من بكه‌ن و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم "ته‌وتین"بكرێت له‌ ڕێگه‌ی بانكه‌ فیدڕاڵیه‌كانه‌وه‌، ده‌شڵێت: "تیمه‌كانمان له‌ به‌غدا راسپاردوه‌ رێكاره‌كان بۆ ته‌وتینكردنی‌ موچه‌ له‌رێی بانكه‌ فیدڕاڵیه‌كانه‌وه‌ بگرنه‌ به‌ر".

ئاوێنە: كاروان یاروه‌یس، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت كه‌ "كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌ناڵانه‌وه‌ به‌ كرداری كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و فشار بكه‌ین كه‌ ته‌وتین له‌ ڕێگه‌ی بانكه‌ فیدڕاڵیه‌كانه‌وه‌ بێت، یه‌كه‌م له‌ دادگای فیدرالی ده‌توانین داوا تۆمار بكه‌ین، دوه‌م لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ده‌توانێت فشار بكات، سێیه‌م فشاركردن له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێز سودانی جا فشاره‌كان سیاسی یاخود په‌رله‌مانی بێت بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ژێر باری بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی به‌ ته‌وتین كردنی موچه‌".

وتیشی: "له‌ ڕابردودا بێ متمانه‌یی به‌ جۆرێك بوه‌، كه‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێم نایانه‌وێت موچه‌كانیان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و له‌وبانكانه‌ بێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، بۆیه‌ پێیان وایه‌ موچه‌ له‌سه‌ر بانكه‌ فیدڕاڵیه‌كان بێت كێشه‌ی موچه‌ دوباره‌ نابێته‌وه‌."

بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "تیمه‌كانی یه‌كێتیمان له‌ به‌غدا ڕاسپاردوه‌ ڕێكاره‌كان بۆ به‌ نیشتیمانی كردنی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ ڕێگه‌ی بانكه‌ فیدڕاڵیه‌كانه‌وه‌ بگرنه‌ به‌ر."

ڕۆژی 5ی ئه‌م مانگه‌ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ میانی بانگه‌شه‌ بۆ حزبه‌كه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌، وێڕای ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی " هه‌ژماری من" دژایه‌تی خۆشی بۆ سیسته‌مه‌كه‌ ڕاگه‌یاند و له‌ ناو ئاپۆڕای لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌یدا وتی" هه‌ژماری من نه‌ هه‌ژماری منه‌ و نه‌ هه‌ژماری ئێوه‌یه‌، به‌ڵكو هه‌ژماری مه‌سروره‌" كه‌ مه‌به‌ست له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمه‌ به‌و پێیه‌ی پرۆژه‌كه‌ هی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ و پارتیش پشتگیری خۆی بۆ به‌ بانكی كردنی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی یه‌كێتی دژی "هه‌ژماری من"، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی به‌رده‌وام جه‌خت له‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ژماره‌كه‌ بۆ موچه‌خۆران ده‌كه‌نه‌وه‌ و پرۆسه‌كه‌ش به‌ یه‌كێك له‌ "خزمه‌تگوزاریه‌ پێشكه‌وتوه‌كانی بواری سیسته‌می بانكی داده‌نێن"، به‌و پێیه‌ی به‌ قسه‌ی خۆیان "به‌شداربوان ده‌توانن له‌ كاتی خۆیدا موچه‌كانیان وه‌ربگرن و پرۆسه‌كه‌ش چه‌ندین خزمه‌تگوزاری بۆ به‌شداربوه‌كانی له‌ خۆی گرتوه‌، كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ وه‌رگرتنی قه‌رز و وه‌رگرتنی ئۆتۆمبێل به‌شێوه‌ی قست و چه‌ند خزمه‌تگوزاریه‌كی تر."

به‌ قسه‌ی بڕیارده‌ره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی حكومه‌تی هه‌رێم خودی خۆی "سودمه‌نده‌" له‌ هه‌ژماره‌كه‌ بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری ببێت.

كاروان یاروه‌یس ده‌شڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌ژماری مندا دو ئامانجی هه‌یه‌ ئامانجی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جڵه‌وی موچه‌ له‌ ده‌ستی خۆیدا بمێنێت و كۆنتڕۆڵه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی خۆیدا بێت، ئامانجی دوه‌م ئامانجێكی بازرگانییه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی هه‌ژماری منه‌وه‌ مانگانه‌ 6 بۆ 7 ملیۆن دۆلار ده‌ستكه‌وتیان هه‌بێت".

راشیگه‌یاند كه‌ "ده‌ستكه‌وتی هه‌ژماری من ده‌چێته‌ كوێوه‌؟ ئایه‌ ده‌خرێته‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ یان نه‌خێر، وه‌ سه‌فقه‌یه‌كه‌ له‌ نێوان به‌رپرسانی هه‌رێمدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ گوماناویه‌".

به‌ پێی دواهه‌مین بڵاوكراوه‌ی ئاماری "هه‌ژماری من" له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ ساڵێكدا 600 هه‌زار موچه‌خۆر له‌ هه‌رێم له‌ سیسته‌مه‌كه‌دا تۆمار كراون له‌ شاره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زیاد له‌ 250 ئامێری ڕاكێشانی پاره‌ش به‌ ناوی ATM ی له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان جێگیركردوه‌ و ده‌شڵێن پرۆژه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌یانه‌وێیت ڕێژه‌ی به‌شداربوان بگه‌یه‌ننه‌ 1 ملیۆن كه‌س و جێگیركردنی 1 هه‌زار ئامێری ڕاكێشانی پاره‌."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×