وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لەسەر دەنگدانی پێشوەخت رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: بەهیچ جۆرێك پێشوەخت دەنگی تایبەت نەدراوە.
ئاوێنە: جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆميسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا وتی "بەهیچ جۆرێک پێشوەختە دەنگى تایبەت نەدراوە و تاقیکردنەوەى دەنگدانیش لەلایەن کۆمسیۆنەوە نییە بۆ ئەو جۆرە دەنگدانە ئامێر و پێداویستییەکانى دەنگدانى کۆمیسیۆنیش لە کۆگاکانیدایە و پارێزراون و بەکارناهێندرێن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سکاڵایەک تۆمارکراوە کە گوایە بەشێک لە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەنگیان داوە، لە ئێستادا لیژنەى یاسایی وردبینى تێدا دەکات، دواتر راسپاردەى خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئەنجومەنى کۆمیسیاران بۆ ئەوەى بڕیارى لە بارەیەوە بدات".
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە بەشێک لە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەنگیان داوە.