"هەرێمی كوردستان لەسەر داوای بەغدا بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نیوە كەمكردۆتەوە"
  2024-10-11       274       

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان لەسەر داوای بەغدا بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نیوە كەمكردۆتەوە، ئەوەش لەپێناو پابەندبونی عێراق بەو پشكەی بەرهەمهێنانی نەوت كە لەلایەن ئۆپیك پڵەس بۆی دیاریكراوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسەكە، دوێنێ پێنجشەممە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەوەكالەت، لە پەراوێزی كۆڕبەندی هەرێمی ئەنجومەنی ئەتڵەسی لەبارەی وزەی پاك، رایگەیاند، هەرێمی كوردستان، لە 2ی ئەیلولەوە بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نیوە كەمكردۆتەوەو رۆژانە تەنیا 140 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە كە عێراق بەردەوام رێككەوتنی ئۆپیك پڵەسی بۆ كەمكردنەوەی پشكی بەرهەمهێنانی نەوت پێشێلكردوە كە چەندین جار بەڵێنی داوە پابەندبێت پێوەی و بەڵێنی ئەوەشی داوە كە قەرەبوی ئەو بەرهەمهێنانی زیادەیە بكاتەوە كە لەە ماوەكانی رابردودا پابەند نەبوە پێوە.

بەڵام بەپێی ئاژانسەكە، ئەو داتایانەی ئەوان كۆیان كردونەتەوە دەریدەخەن لە مانگی رابردوشدا عێراق زیاتر لەو پشكەی بەرهەمهێناوە كە بۆی دیاریكراوە.

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئەوەشی وتوە، هەرێمی كوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە چەندین ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتوەو هەر بەوهۆیەوە عێراقیش زیاتر لە 16 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتوە.

كەمال محەمەد ساڵح جەختی كردۆتەوە كە "ئەمە دۆخێكی زیانهێنەرەو هیچ كەسێك لێی سودمەند نییە."

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەو قسانەی بەرلە كۆبونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بواری وزە كردون و داوا لە ئەمریكا دەكات گوشارەكانی لەسەر حكومەتی عێراق چڕبكاتەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكە.

كەمال محەمەد ساڵح جەختی كردۆتەوە كە بە هەر شێوەیەك بوە دەبێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوەو ئەو پرسەش لە ئێستاداو لە سایەی گرژییەكانی ناوچەكەو بەرزبونەوەی نرخی نەوت، زیاتر جێی بایەخە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×