دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كشانەوەی بزوتنەوەكەی لە هەردو حکومەتی هەرێم و خۆجێی راگەیاندو دەڵێت: "ئەگەرچی بڕیارێکی درەنگ وەختە، بەڵام ڕاست و پێویستە".
ئاوێنە: دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی بزوتنەوەکەی لە هەردو حکومەتی هەرێم و خۆجێی راگەیاند.
لە پەیامەکەی رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە، دوێنێ چوارشەممە لە کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤات بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە.
دانا ئەحمەد مەجید وتیشی"ئەم بڕیارە، وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانخوازانی ناو پەیکەری ڕێکخراوەیی و دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەکەمانە".
راشیگەیاند، "بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیبەشێکە لە زنجیرەیەک گۆڕانکاری و هەڵوێست و بڕیار، کە دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەمان، بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی و هەڵسوڕاوی دەرەوەی بزوتنەوەکەمان، دەستمان پێکردوەو بڕیارمانداوە بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕان بەهێزبکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشدا"لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی بەشداریکردنمان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شاهێدی خەڵک و هەڵسوڕاو و دەنگدەرانمان، سەرکەوتو نەبو، ئەو کارنامەیەی بۆ چاکسازی و خزمەتی گەلەکەمان نوسرا؛ حکومەت جێبەجێی نەکرد، بۆ ئەو ئەنجامەش دوبارە داوای لێبوردن لە میللەتەکەمان دەکەین، ئەگەرچی بڕیارێکی درەنگ وەختیشە، بەڵام ڕاست و پێویستە، هەربۆیە سوپاسی سەبر و چاوەڕوانیتان دەکەین و بەڵێن دەدەین هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە".
هێمای بۆ ئەوەش كرد "بزوتنەوەی گۆڕان بە ستراتیجێکی نوێی سیاسیەوە دێتەوە مەیدان، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەرنامە سیاسیەی کاک نەوشیروان لە سەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی هەرێم خستییەڕو، ستراتیجێک ڕو لە خەڵک و پشت لە پلەو پۆست و دەسەڵات، ستراتیجێک بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی تواناو وزەی شەقام و خەڵک و گەنجان و ژنان و هەڵسوڕاوانمان".
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بانگەواز بۆ هەمو ئازادیخوازان، دەنگدەرانی کوردستان، کەسایەتی و گۆڕانخوازانی ڕازی و ناڕازی دەکات، لەم قۆناغەدا لەگەڵیان بن و بەیەکەوە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی موعارەزەی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەم و خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئامادە بکەن، بەیەکەوە گوڕ بدەنەوە بە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان.