سەڵاحەدین بەهادین: ئیسڵاح بە كەسانی ناساڵح ناكرێت
  2024-10-10       375       

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، دروشمی بۆش و شیعارات زۆر بوەو ئیسڵاح بە كەسانی ناساڵح ناكرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بەیاوەری هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ژمارەیەک لە کارگێرانی ئەنجومەنی جێبەجێکردن سەردانی مەڵبەندی 8ی نەینەوای کرد و لەلایەن بەرپرسی مەڵبەند و ژمارەیەک لە کارگێران پێشوازی کران.

لە میانەی وتەیەکی بۆ بەشێک لەرێکخستنەکانی سنوری مەڵبەندی نەینەوا ئەمینداری گشتی یەکگرتو ڕایگەیاند "دروشمی بۆش و شیعارات زۆربوە و زوڵم و ستەم کراسی عەدالەتی لەبەرکراوە و دوبەرەکی و پارچە پارچەکردن بە نیشتمانپەروەری دەفرۆشرێتەوە بە خەڵکی، بۆیە ئەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بەو کەسانە بدرێت کە خاوەنی پلان و پرۆژەن و ئەزموندارن لە پەرلەمان و کاندیدەکانی لیستی 148 نمونەی ئەو کەسانەن کە دەنگییان پێبدرێت و زۆرترینیان بچنە پەرلەمانی کوردستان."

ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشدا کە "ئالیەتی هەڵبژاردن و بەشداری کردن لە دەنگدان بە دروست دەزانین بۆ چاودێری و ئەدای حکومەت و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی، ئیسڵاح بە کەسانی ناساڵح ناکرێت، هەڵبژاردنی ئەم جارە کاتێکی دروستە و خەڵک ناڕازییەو کاتی ئەوەیە کە گۆڕانکاری جدی بکرێت و خەڵکی بە دەنگدانیان بەشدار بن لەم گۆڕانکارییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×